Accessibility links

بلینکن: ئەمەریکا سزاکانی سەر تاڵیبان لانابات بەڵام یارمەتی ئەفغانیەکان دەدات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ئەمەریکا دەڵێت سزاکانی سەر تاڵیبان لانابات، بەڵام دڵنیا دەبێتەوە لەوەی یارمەتیە مرۆییەکان بگەنە دەستی ئەو ئەفغانیانەی پێویستیان بە یارمەتیە، لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەفغانستان بەرەو قەیرانێکی مرۆیی گەورە دەڕوات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەڵێنیدا ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی یارمەتیە مرۆییەکان بە گەلی ئەفغانی، ئەوەش لەڕێی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە. ئەم لێدوانەی بلینکن ڕۆژێک دوای ئەوە هات ئەمەریکا ڕایگەیاند نزیکەی 64 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتی مرۆیی بۆ ئەفغانستان تەرخان دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەمیانەی گەواهیدانەکەیدا لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، ڕووبەڕووی پرسیاری سەخت بۆوە سەبارەت بە کشانەوەکەی مانگی ڕابردووی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. پێشتریش بە هەمان شێوە لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا گەواهیدا.

بلینکن بە سیناتۆرەکانی وت بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستنیشان دەکات بۆ سەنگ خستنەسەر یارمەتیدانی ئافرەت و منداڵانی ئەفغانی و کەمینەکانی دیکە، بەشێوەیەک یارمەتیەکان ئەوانیش بگرێتەوە.

لەم ساڵدا ئەمەریکا 330 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتی بۆ خەڵکی ئەفغانستان تەرخانکردووە، بەم یارمەتیانەی ئێستاشەوە کە بەبێ تاڵیبان ڕاستەوخۆ بەسەر هاوڵاتیانی ئەفغانیدا دابەش دەکرێن.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 606 ملیۆن دۆلاری دیکە دەکات بۆ ئەم ساڵ بەمەبەستی دابینکردنی خۆراک و پێداویستی تەندروستی و پێویستیە گرنگەکانی دیکە بۆ یارمەتیدانی 11 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی.

بلینکن وتی " قورسە ببینیت سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لاببرێن، کۆتوبەندەکانی سەر گەشتکردن لاببرێن، پێدەچێت سزای دیکەش بسەپێندرێت بەسەر تاڵیباندا،" ئەگەر حکومەتەکەی تاڵیبان پابەند نەبێت بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئازادی گەشتکردن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG