Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی لەکارخستنی ترامپ دەدات


چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە دیموکرات دەنگ بدات لەسەر بڕیارێک بۆ داواکردن لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس و ئەندامانی کابینەکەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ تا دەسەڵاتی دەستورییان بەکاربهێنن بۆ لابردنی ترامپ لەسەر دەسەڵات.

ئەو بڕیارەی ، کە چاوەڕوان دەکرێت بە زۆرینەی دەنگ پەسەند بکرێت، 24 کاتژمێر دەدات بە مایک پێنس تا وەڵام بداتەوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند " سەرۆک هەڕەشەیەکی گەورە دەکاتە سەر دەستورمان، وڵاتەکەمان و گەلی ئەمەریکا، دەبێت دەستبەجێ لەسەر دەسەڵات لاببرێت."

نە مایک پێنس و نە هیچکام لە ئەندامانی کابینەکەی بە ئاشکرایی خواستی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لەو کردارە ڕانەگەیاندووە کە تیایدا بەندی 25 دەستوری ئەمەریکا بەکاردێت کە ڕێگە دەدات جێگری سەرۆک و زۆربەی ئەندامانی کابینەکە ڕابگەیەنن سەرۆک " ناتوانێت دەسەڵاتەکان و ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بەجێبگەیەنێت."

ترامپ و پێنس شەوی دووشەممە بۆ یەکەم جار لەپاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو گێرەشێوێنەکانی لایەنگری ترامپ هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی کۆبونەوە.

کاربەدەستێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند ئەوان " جەختیان کردووەتەو لەوەی ئەوانەی یاسایان شکاندووەو هوروژمیان بردۆتە سەر کۆنگرێس لە هەفتەی ڕابوردوو گوزارشت لە بزوتنەوەی 'ئەمەریکا یەکەمە' ناکەن کە نزیکەی 75 ملیۆن کەس پشتیوانی لێ دەکات، و بەڵێنیان داوە هەتا کۆتایی تێرمەکەیان بەردەوام بن لە کارەکانیان".

لە هەفتەی ڕابوردوو پێنس، ترامپی توڕە کرد بەوەی هەوڵەکانی ترامپی ڕەتکردەوە بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی مانگی 11 کە تیایدا بە سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن و جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو کامڵا هێرس دۆڕان.

ڕێبەرانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش هەوڵی بڕیارێکی تری ئیمپیچکردنی سەرۆک ترامپ دەدەن کە بڕیارە یاسادانەران لە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە تاوتوێی بکەن.

هەرچەندە خولی چوارساڵی سەرۆک ترامپ لە 20 ی ئەم مانگە کۆتاییپێدێت، بەرنوسی چوار لاپەڕەیی ئیمپیچکردنەکە دەڵێت ترامپ " ئەوەی خستۆتەڕوو، هەڕەشەیەک دەمێنێتەوە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، دیموکراسی، و دەستور ئەگەر ڕێگەی پێبدرێت لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، و ئەوە بە شێوەیەکی زۆر نەگونجاو لەگەڵ خۆبەڕێوەبردن و دەسەڵاتی یاسا کاریکردووە."

مۆرکردنی ئەو بەرنوسە، لەلایەن 218 دیموکرات، دەنگی زۆرینەی 435 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ دەنگی کۆمارییەکان دژ بەو سەرۆکە کۆمارییە مسۆگەر دەکات.

بەڵام ڕوون نییە ئایا ڕێبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستبەجێ بڕیارەکە دەنێرن بۆ دادگاییکردنی لە سینات بە مەبەستی تاوانبارکردنی تارمپ و لادانی لەسەر دەسەڵات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تێرمەکەی لە هەفتەی داهاتوو کۆتاییپێدێت.

بایدن گوتی " هیوادارە و چاوەڕوان دەکات" سیتان بتوانێت هاوکات دادگاییکردن بۆ ئیمپیچمنت و پەسەندکردنی ئەندامانی کابینەکەی پێکەوە ئەنجام بدات، لە کاتێکدا هاوکاری زیاتر بۆ ئابوری ئەمەریکا پەسەند بکات کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری لێکەوتووە.

ڕۆژی دووشەممە لە لاتێکدا باسی گێرەشێوێنەکانی کرد گوتی " زۆر گرنگە هەموان ڕژدبن بەرپرسیارکردنی هەومو ئەوانەی کە دەستیان هەبووە لە هاندانی توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵکی، و سەرپێچیکردن لە موڵکی گشتی، کە زیانێکی زۆری لێکەوتووە".

بایدن بە پەیامنێرانی ڕایشگەیاند " من ترسم لەوە نەییە لە دەرەوە سوێندی یاسایی بخۆم"، کاتێک باسی لە مەڕاسیمی سوێندخواردنەکەی هەفتەی هاتووی کرد، کە بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر پلیکانەکانی بەردەم ڕووی ڕۆژئوای کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت، یەکێکە لەو شوێنانەی کە خەڵکەکەی هەفتەی ڕابودوو لەوێوە هوروژمیان بردە ناو کۆنگرێس.

تەنانەت ئەگەر ترامپ خولی سەرۆکایەتیشی تەواوبێت ئەگەر لەلایەن سیناتەوە تاوانبار بکرێت ئەوا ناتوانێت جارێکی تر هیچ پۆستێکی حکومەتی هەبێت.

تۆم ڕیدی ئەندامی کۆنگرێسی کۆماری لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس دەڵێت بەشداری لە ژمارەیەکی نادیاری هاوکارانی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات لە دابینکردنی بڕیارێکی دژ بە ترامپ لە ڕۆژی سێشەممە لە بری " ئیمپیچکردنێکی بەپەلە".

ڕیک لە بابەتە بیروڕاکەیدا دەشڵێت " ئەگەر ڕێبەرەکانمان بڕیاری هەڵە بدەن لەسەر شێوازی تاوانبارکردنی، دەشێ زیان بگەیەنێت بە تەواوی سیستمی دادوەریمان، دابەشبوونی زیاتر و بێهیواکردنی ملیۆنان ئەمەریکا دروست بێت".

ترامپ کە هەژماری کۆمەڵایەتی فەیسبووکی بەهۆی لێدوانە هەڵەکانی، و هاندانەکانی لەسەر گوایە فرتوفێڵکردن لە هەڵبژاردنەکاندا قەدەغە کراوە، هێشتا هیچ لێدوانێکی ئاشکرای لەسەر هەوڵەکانی ئیمپیچکردنی بۆ دووهەم جار نەداوە.

ئەنجومەنی نوێنەران سەرتا لە کۆتایی ساڵی 2019 ئمپیچیان کرد، و تۆمەتباریان کرد بەوەی هەوڵیداوە ئۆکرانیا کاری خراپ لەسەر بایدن بدۆزێتەوە بەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11، بەڵام سینات لە سەرەتای مانگی 2 بێتاوان ناساندیان.

لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابوردوو ترامپ لە نزیک کۆشکی سپی بە خۆپیشاندەرانی ڕاگەیاند، " ئەگەر شەڕێکی سەخت نەکەن، ئەوا چیتر وڵاتتان نابێت".

گێرەشێوێنەکانی کە زۆربەیان سپیپێست بوون دەستبەجێ بەرەو کۆنگرێس چوون فشاریان بۆ پۆلیسەکانی ئەوێ برد، هوروژمیان بردە ناو بیناکەوە و دەستیان کرد بە شکاندنی پەنجەرەکان، تاڵانکردنی ئۆفیسەکانی ئەندامانی کۆنگرێس و پێکدادان لەگەڵ پاسەوانان.

دەیان لە پشتیوانانی ترامپ دەستگیر کراون، و کاربەدەستان ئەو گرتە ڤیدیۆییانە کۆدەکەنەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە یان گێرەشێوێنەکان خۆیان بڵاویان کردۆتەوە لە ناو بینای کۆنگرێس. لەو ڕووداوەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا لەناویاندا پۆلیسێکیش.

ترامپ ئامادە نەبووە دان بە شکستی بنێت یان پیرۆزبایی لە بایدن بکات، بەڵام دانیبەوەداناوە " بەڕێوەبەرایەتی نوێ" لە 20 ی مانگی 1 دەستپێدەکات.

سەرۆک ترامپ ڕایشیگەیاند ئەو ئامادەی مەڕاسیمی سوێندخواردنی بایدن نابێت، و نەریتی لەمێژیینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشگوێ دەخات وەکو سەرۆکێکی لەسەر کاردەرچوون گەواهی سوێندخواردنی جێگرەوەکەی بێت وەکی نیشاندانی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە دیموکراسیەتی ئەمەریکادا.

هەرچەندە مایک پێنسی جێگری بڕیارە بەشداری مەڕاسیمەکە بکات، کە بە شێوەیەکی گشتی بە مەڕاسیمێکی بچووکتر لە پێشتر ئەنجام دەدرێت بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

XS
SM
MD
LG