Accessibility links

بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن پێی وایە کەناری ڕۆژئاوا خاکێکی داگیرکراوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پێی وایە کەناری ڕۆژئاوا خاکێکی " داگیرکراوە " لەلایەن ئیسڕائیلەوە، ئەوەش دوای ڕاپۆرتەکەی وەزارەتەکە کە ئەو وشەیەی تێدا بەکارنەهاتبوو.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە ڕاستیەکی مێژووییە کە ئیسڕائیل لە دوای جەنگی 1967 ەوە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە و بەرزاییەکانی گۆلانی داگیرکردووە."

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، کەناری ڕۆژئاوا بە " خاکێکی داگیرکراو " ناودێر نەکراوە، بەوەش هەمان ڕێچکەی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی گرتەبەر کە لە ڕاپۆرتەکانیدا ئەو وشەیەی بەکارنەدەهێنا.

بەڵام پڕایس جەختی لەوە کردەوە " ڕاپۆرتەکە دەستەواژەی (داگیرکردن) ی بەکارهێناوە لە چوارچێوەی ڕەوشی ئێستای کەناری ڕۆژئاوادا." جەختی لەوە کردەوە " ئەمە هەڵوێستی کۆنی حکومەتەکانی پێشووە، بە کۆماری و دیموکراتەکانیشەوە."

لە ڕاستیدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات بۆ کێشەکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل، هەوڵیشیداوە خۆی بەدووربگرێت لە سیاسەتەکانی پێشووی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەسەر ئەو پرسە.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتە ساڵانەییەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە ئەو وشانەی بەکارهێندراون بۆ وەسفکردنی ئیسڕائیل و خاکەکانی فەڵەستینیەکان " ڕەنگدانەوەی هیچ هەڵوێستێک نین لەسەر هیچ ئەنجامێکی کۆتایی کە لەنێوان لایەنەکاندا تاوتوێ دەکرێت، بەتایبەتی سنووری ئیسڕائیل لە قودس یاخود سنووری نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG