Accessibility links

ئەمەریکا هۆشیاری دەداتە هاوڵاتیانی لەسەر گەشتکردن بۆ باکووری ئیتاڵیا


توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا بۆ لە سەدا 50 بەرزبۆوە و حکومەتی ئەمەریکا هۆشیاریدایە هاوڵاتیانی لەسەر گەشتکردن بۆ دوو هەرێمی باکووری ئیتاڵیا کە زۆر بە توندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێی داون.

کاربەدەستان دەڵێن ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە ئیتاڵیا بەرزبۆتەوە بۆ 1694 کەس، بەمەش لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕێژەی توشبووان بۆ لەسەدا 50 بەرز بۆوە. پێنج کەسی دیکەی توشبوو بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ئیتاڵیا گەیشتە 34 کەس لەکاتێکدا 83 کەس بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە.

کاربەدەستانی تەندروستی ئیتاڵیا ئاماژەیان بەوەدا بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە پێشبینی کراوبووە چونکە دوو هەفتەی دەوێت تاوەکو نیشانەکانی ڤایرۆسەکە دەردەکەوێت، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە ئیتاڵیا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی بەتەمەنی هەیە.

بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک حاڵەتی توشبوون لە وڵاتانی ئەوروپا دەرکەوتوون و هۆکارەکەی گەشتکردن بووە بۆ ئیتاڵیا، زۆرێک لە وڵاتان هۆشیاریان داوە لەسەر گەشتکردن بۆ 11 شارۆچکەی ئیتاڵیا کە لە 21 ی مانگی دووەوە کاتێک ڤایرۆسەکە سەری هەڵدا ئەو ناوچانە دەخران. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ئەمەریکاش هۆشیاریدایە هاوڵاتیانی گەشت نەکەن بۆ هەرێمەکانی لۆمباردی و ڤێنیتۆ و هۆشیاریدانەکەش لە بەرزترین ئاستیدا بووە.

هەردوو کۆمپانیای گەشتی ئاسمانی دێڵتا و ئەمەریکان ئێرلاینس گەشتەکانیان بۆ شاری میلانی ئیتاڵیا ڕاگرت.

جێی ئاماژەیە ساڵانە زیاتر لە 5.6 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی سەردانی ئیتاڵیا دەکەن، ئەم ژمارەیەش لە سەدا 9 ی ئەو گەشتیارانەیە کە سەردانی ئیتاڵیا دەکەن.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG