Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت فڕۆکەیەکی ڤەنزوێلا بەشێوەیەکی دوژمنانە شوێن فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمەریکی کەوتووە


سوپای ئەمەریکا فڕۆکەیەکی جەنگی ڤەنزوێلای تۆمەتبار کرد بەوەی بەشێوەیەکی دوژمنانە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا شوێن فڕۆکەیەکی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە جۆری ئی بی 3 ئایرس کەوتووە، ئەمەش ئاماژەیەکی دیکەیە لەسەر زیادبوونی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

ڕۆژی هەینی هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر چوار بەرپرسی باڵای هەواڵگری سەربازیی ڤەنزوێلادا، ڕووبەڕووبوونەوەیەک ڕوویدا لەنێوان فڕۆکەیەکی ئەمەریکی و فڕۆکەیەکی ڤەنزوێلادا.

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " فڕۆکەکە کە ڕوسیا بەرهەمی هێناوە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا بۆ ماوەیەک بەشێوەیەکی دوژمنانە شوێنی ئی بی 3 کەوتووە و پارێزراوی تیمی فڕۆکەکە و ئەرکی فڕۆکەکەی خستۆتە مەترسییەوە."

جێی ئاماژەیە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ چەند جارێک سزاکانی بەکارهێناوە بۆ لەناوبردنی حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆی ڤەنزوێلا کە ئەمەریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دووبارە هەڵبژاردنەوەکەی لە ساڵی 2018 دا بە نایاسایی دادەنێن.

هێشتا مادورۆ و هێزە چەکدارەکان و دامەزراوەکانی دیکەی ڤەنزوێلای لەژێر دەستدایە.

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕژێمەکەی مادورۆ بەردەوامە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و ئەو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییانە پێشێل دەکات کە ڕێگە بە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە دەدەن بە پارێزراوی لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا گەشت بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG