Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: واشنتن کاتێکی دیاریکراوی نیە بۆ گۆڕینی حکومەتی ڤەنزوێلا


نیکۆلاس مادورۆ
نیکۆلاس مادورۆ

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی ئەمەریکا کاتێکی دیاریکراوی نیە بۆ گۆڕینی حکومەتەکەی ڤەنزوێلا بەڵام بەدڵنیاییەوە نیکۆلاس مادورۆ لەسەر دەسەڵات نامێنێت.

واشنتن کۆمەڵێک سزای توندی سەپاندووە بەسەر حکومەتەکەی مادورۆدا لە هەوڵێکیدا بۆ ئەوەی مادورۆ ناچار بکات دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و ڕێگە بدات بە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ تاوەکو ڕابەرایەتی وڵاتەکە بکات.

هەڵسوڕێنەری کاروباری نوێنەری ئەمەریلا لە ڤەنزوێلا جەیمس ستۆری لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " کاتێکی دیاریکراو نیە بۆ گەڕانەوەی دیموکراسییەت بەڵام بەڕێوەیە، من دڵنیام لەوە."

لەلای خۆیەوە مادورۆ لۆمەی ئەمەریکا دەکات لەسەر کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی و گوایدۆ وەکو بوکەڵەی دەستی ئەمەریکا ناودێر دەکات.

زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزوێلا ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و هەڵهاتوون بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسیی و کەمی خۆراک و دەرمان لە وڵاتەکەدا.

لە مانگی یەکدا ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ خۆی وەکو سەرۆکی کاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند و وتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2018 کە مادورۆ تیایدا دەسەڵاتی گرتەوە دەست نایاسایی بووە. زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا گوایدۆیان وەکو سەرۆکی وڵاتەکە ناساند بەڵام ڕوسیا و چین و کوبا هێشتا پشتیوانی لە مادورۆ دەکەن.

دوای ئەوەی ئەمەریکا گوایدۆی وەکو سەرۆکی ڤەنزوێلا ناساند، مادورۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا بڕی. مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی هەموو کارمەند و دیبلۆماتکارەکانی لە ڤەنزوێلا دەکشێنێتەوە و ئاماژەشی بەوەدا بوونیان لەوێ بەربەست دەخاتە بەردەم سیاسەتەکانی ئەمەریکا بەرامبەر ڤەنزوێلا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG