Accessibility links

ئەمەریکا دووبارە داوای سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە ئەگەر کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی ناوەکی ئەنجام بدات


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی ئەمەریکا دووبارە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکاتەوە سزا بەسەر کۆریای باکووردا بسەپێنن ئەگەر پیۆنگیانگ حەوتەمین تاقیکردنەوەی ناوەکی ئەنجام بدات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی چین و ڕووسیا دژایەتی سەپاندنی سزای زیاتر دەکەن بەسەر کۆریای باکووردا.

هەفتەی ڕابردوو چین و ڕووسیا ڤیتۆیان دژی پێشنیارێک بەکارهێنا کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکرد و تیایدا داوا کرابوو نەتەوە یەکگرتووەکان سزای زیاتر بسەپێنێت بەسەر کۆریای باکووردا، ئەوەش بەهۆی تاقیکردنەوە موشەکیە باڵیستیکییەکانیەوە.

چین و ڕووسیا بەم کارەیان بۆ یەکەمین جار ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دابەش کرد، کە لە ساڵی 2006 ەوە یەکگرتوو بوون لە سەپاندنی سزا بەسەر کۆریای باکووردا بەهۆی بەرنامە موشەکی و ناوەکییەکەیەوە.

تۆماس گرینفیڵد هۆشداریدا لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور " چالاکانە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ناوەکی." وتی ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا ئەمەریکا " بەدڵنیاییەوە " جارێکی دیکە داوای سەپاندنی سزا دەکات بەسەر پیۆنگیانگدا.

تۆماس گرینفیڵد بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرەتا پێویستە ئەو سزایانە توندتر بکەینەوە کە پێشتر سەپاندوومانن، بێگومان وەکو چۆن لە پێشنیارەکەی ڕابردوودا هەوڵماندا بۆی، دووبارە داوای سەپاندنی سزای دیکە دەکەینەوە."

لە ماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبووە لە سەپاندنی سزا بەسەر کۆریای باکووردا تاوەکو ئەو سەرچاوە داهاتەی ببڕن کە کۆریای باکوور بۆ پەرەپێدانی بەرنامە موشەکییە باڵیستیکی و ناوەکییەکەی بەکاریدەهێنێت. دوایین جار لە ساڵی 2017 دا بوو کە ئەنجومەنەکە سزاکانی سەر پیۆنگیانگی توندتر کردەوە.

لەو کاتەوە، چین و ڕووسیا بە هۆکاری مرۆیی هەوڵیانداوە سزاکانی سەر کۆریای باکوور کەم بکەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG