Accessibility links

واشنتن داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات سزا بسەپێنێت بەسەر ئێراندا بەهۆی بەرنامە موشەکییەکەیەوە


واشنتن دووبارە داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد سزا بسەپێنێت بەسەر ئێراندا کە واشنتن تۆمەتباری دەکات بە پێشێلکردنی یاسای 2231 دا کە ساڵی 2015 دەرچوو.

لە نامەکەی بریکاری نوێنەری ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان جۆناثان کۆهیندا هاتووە دەڵێت " داوا لە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی."

وتیشی " پێویستە لەسەر ئەم وڵاتانە بێنە پاڵ ئێمە و سزای ڕاستەقینە بسەپێنن بەسەر ئێراندا، هەروەها کۆتوبەندێکی زۆر توند بسەپێنن بەسەریدا تاوەکو چیتر بەردەوام نەبێت لەسەر بەرنامە موشەکییەکەی."

یاسای 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دا دەرچوو کە تیایدا هەر چالاکییەکی پەیوەست بە موشەکی باڵیستیکی ئێرانەوە قەدەغە دەکات ئەگەر ئەو موشەکە وادروست کرابێت بتوانێت چەکی ناوەکی هەڵبگرێت.

لەلای خۆشییەوە ئێران دەڵێت هەوڵ نادات چەکی ناوەکی بەدەست بهێنێت و بەرنامە موشەکییەکەی تەنها بۆ بەرگرییە و لەگەڵ یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG