Accessibility links

ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕوسەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەرکە فەڕمییەکانیان چالاکی ئەنجام دەدەن


نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی
نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی

ئەمەریکا بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وت بڕیاریداوە 12 دیبلۆماتکاری ڕوسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکات بەهۆی ئەوەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەرکە فەڕمییەکانیان چالاکی ئەنجام دەدەن.

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی ڕێکەوتنی ساڵی 1947 بۆ دامەزراندنی بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پاساوی بۆ ئەو بڕیارە هێنایەوە.

لە بەیاننامەیەکدا نیکی هەیڵی وتی " لێرە لە نیویۆرک ڕوسەکان سوود لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەردەگرن بۆ ئەنجامدانی چالاکی مەترسیدار لە ناو وڵاتەکەماندا."

نوێنەرایەتی ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.

ئەمەریکا ڕایگەیاند 60 دیبلۆماتکاری ڕوسی لە وڵاتەکەیان دەردەکەن کە 12 کەسیان کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەمەش لە هەنگاوێکی هاوبەشدا لەگەڵ حکومەتەکانی وڵاتانی ئەوروپیدا بۆ سزادانی کرێملن لەسەر ئەوەی هەوڵیدابوو سیخوڕەکەی پێشووی ڕوسیا لە بەڕیتانیا ژەهراوی بکات.

بەرپرسانی ئەمەریکی وتیان ئەو دیبلۆماتکارە ڕوسییانەی کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکەن ئەفسەری هەواڵگری ڕوسیان و ڕەنگدانەوەی ئەو ترسانەی ئەمەریکایە کە دەترسن لەوەی چالاکییەکانی هەواڵگری ڕوسیا دوژمنکارییانەتر بووە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق وتی ئەمەریکا دیاریکردووە کە بەپێی بەندی بی 13 لە ڕێکەوتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕێوشوێنەی گرتۆتە بەر.

بەپێی ئەو بەندە لە حاڵەتێکدا هەر کەسێک لە ئەمەریکا دابنیشێت و لە دەرەوەی ئەرکە فەڕمییەکەی خۆی چالاکی ئەنجام بدات ئەوا یاسای ئەمەریکای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها دەشڵێت هەر هەنگاوێک بۆ دەرکردنی دبلۆماتکارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕازی ببێت لەسەری ئەوەش دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ وڵاتە دیاریکراوەکەدا یاخوود سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG