Accessibility links

ڕاگەیەندراوی باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ساڵیادی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد
باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لەسەر ساڵیادی بومەلەرزە بەهێزەکەی ساڵی ڕابردووی تورکیا و سوریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:

ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر بومەلەرزەکانی تورکیا و سوریادا کە بوونە هۆی گیان لە دەستدانی نزیکەی 60,000 کەس. ئەم لە دەستدانە جێگای دڵگرانی بوو. دڵم لای هەموو ئەو خێزانانەی سەرانسەری ناوچەکەیە کە بەهۆی ئەم تراژیدیا ترسناکەوە ئازیزانییان لە دەستدا. ئەمەریکا لە پاڵ هاوبەشەکانماندا لە تورکیا دەوەستێت بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵە درێژخایەنەکانی دووبارە بونیادنانەوەدا و بەردەوامە لە یارمەتیدانی ئەو سوریاییانەی کە بومەلەرزەکان کاریگەرییان هەبوو لە سەریان. ستایشی تیمەکانی فریاگوزاری تورکیا و سوریا و سەرانسەری جیهان دەکەین کە یارمەتی بریندار و ئاوارەکانییان داوە.

لە ماوەی ئەم کاتەکەمدا وەکو نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی هاتای سەر سنووری نێوان سوریا و تورکیام کرد و چاوم بە دەزگا مرۆییەکان و ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانە کەوت کە ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ گەیاندنی یارمەتییە پێویستەکان بۆ ملیۆنان کەس لە باکووری سوریا کە پێشتریش بەهۆی زیاتر لە دە ساڵ جەنگەوە ئاوارە بوون، ئێستاش بە دەست کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی بومەلەرزەکەوە دەناڵێنن. ئەم بومەلەرزانە ئەو قەیرانانەی زیاتر کرد کە ڕووبەڕووبووی سوریاییە بێدەسەڵاتەکان ببوونەوە. دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا پێشتریش خراپ بووە، ئەوەش بەهۆی جەنگەکەی ناو سوریاوە، زۆرێک لەوانەی کە ئاوارەبوون دەترسن بگەڕێنەوە. بەهۆی ئەمانەوە، ئەمەریکا و ڕێکخراوە هاوبەشەکانی زیاتر لە 242 ملیۆن دۆلارییان وەکو یارمەتی مرۆیی ژیان ڕزگارکەر بۆ سوریا و تورکیا دابین کردووە.

ساڵێک دوای بومەلەرزەکە، هێشتا دۆخی مرۆیی لە سوریا مەترسیدارە. مانگی ڕابردوو ڕژێمەکەی ئەسەد شەش مانگی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان درێژکردەوە تاوەکو یارمەتییەکان لە ڕێی خاڵی سنووری باب ئەلهەواوە بگەیەنێتە سوریا. لە کاتێکدا کە پێشوازی لە بەردەوامیدان بە کراوەیی ئەو خاڵە سنوورییە دەکەین بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان، شەش مانگی دیکە بەس نیە، یارمەتییە مرۆییەکان دەبێت بتوانرێت بگەیەندرێنە هەموو ئەو سوریاییانەی کە پێویستییانە، هەتاوەکو ئەو کاتەی پێویستییان دەبێت. داوا لە دیمەشق دەکەین توانای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی خاڵە سنوورییەکانی باب ئەلسەلام و ئەل ڕای درێژ بکاتەوە، کە لەو خاڵە سنوورییانەوە گەیاندنی یارمەتییەکان و کەلوپەلەکان و کارمەندان بۆ باکووری حەلەب ئاسانتر و خێراترە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەردەوام بێت لە کارکردن و دڵنیا ببێتەوە لەوەی خۆراک و ئاو و پەناگە و یارمەتییە مرۆییە هەستیارەکانی دیکە بەردەوام بگەنە خەڵکەکەی باکووری سوریا.

وەکو گەورەترین بەخشەری یارمەتییە مرۆییەکان لە سوریا، داوا لە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کاری زیاتر بکەن و زیاتر ببەخشن، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکەین لە پاڵ گەلی سوریادا بوەستێت لە کاتێکدا کە شەڕ بۆ ئازادییە بنچینەییەکانییان و دادپەروەرییەکی زیاتر و داهاتوویەکی ئاشتییانە دەکەن. ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە یارمەتیدانی تورکیاوە لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی بومەلەرزەکە، یەکێک لە یارمەتییەکانیش بریتییە لە دابینکردنی 1 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژە نوێیەکان و ئاڵوگۆڕییەکان لەو ناوچەیەدا کە بومەلەرزەکە لێیدا.

XS
SM
MD
LG