Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕۆژی چوارشەممەدا پشتڕاست ناکەنەوە


بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا نەیانتوانی ئەو ڕاپۆرتانەی هەواڵگری ئەمەریکا پشتڕاست بکەنەوە کە ئاماژەیان بەوەدا ڕووسیا پلانی هەیە ڕۆژی چوارشەممە ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام وتیان هەوڵ دەدەن ڕێگە لە هەر " هێرشێکی لەناکاو " بگرن، ئەوەش لەڕێی گۆڕینەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە پلانەکانی ڕووسیا.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە دەکرێت لە هەر ڕۆژێکدا بێت ڕووبدات، سەرۆک بایدنیش وتی پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات و بەرگری لە ناوچەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان بە کەناڵی سی ئێن ئێنی وت ئەمەریکا ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئایا ڕووسیا لەم هەفتەیەدا هێرش دەکات یاخود لە هەفتەی داهاتوودا کاتێک یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین تەواو دەبن، بەڵام " ئەگەرێکی ڕوون هەیە لەسەر ئەوەی کردەوەیەکی سەربازیی گەورە ڕووبدات."

سۆلیڤان لە چاوپێکەوتنێکی جیادا لەگەڵ پڕۆگرامێکی کەناڵی سی بی ئێس وتی " بەرگری لە سەرجەم ناوچەکانی ناتۆ دەکەین، سەرجەم ناوچەکانی بەندی پێنج و پێمان وایە ڕووسیا بەتەواوەتی لەو پەیامە تێگەیشتووە."

جێی ئاماژەیە ئۆکرانیا ئەندام نیە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، هەوڵ دەدات ببێتە ئەندام تیایدا و مۆسکۆ داوای لە هاوپەیمانێتیەکە کردووە هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی ڕەتی کردەوە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ڕۆژی چوارشەممەدا پشتڕاست بکاتەوە.

کیربی وتی " من لە پێگەیەکدا نیم بتوانم ئەو ڕاپۆرتانە پشتڕاست بکەمەوە."

کیربیش بە هەمان شێوە وتی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەکرێت لە هەر ڕۆژێکدا بێت ڕووبدات.

کیربی وتی " ئەم هەڵسەنگاندنانە لە کۆمەڵێک سەرچاوەوە وەرگیراون، هەموویان لە هەواڵگرییەوە نین بەڵکو لەسەر ئەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ئێستا بە چاوی خۆمان دەیبینین. زیاتر لە 100,000 سەرباز بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەیان لەسەر سنووری ئۆکرانیا."

کیربی و سۆلیڤانیش دووبارە داوایان لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کردەوە ئۆکرانیا جێبهێڵن.

سۆلیڤان وتی " ئەوەی لەم 10 ڕۆژەی ڕابردوودا بینیومانە خێرابوونی زیادبوونی هێز و جوڵە سەربازییەکانی ڕووسیایە لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا، لە شوێنێکدان کە دەتوانن زۆر بەخێرایی هێرشی سەربازیی ئەنجام بدەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG