Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: ڕوسیا بەربەستە لەبەردەم ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا


وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی ڕوسیا بەربەست بووە لەبەردەم ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا و هیچ مافی ئەوەی نیە ڤیتۆ دژی خواستی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت بۆ هاتنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی دەبێت ئۆکرانیا بتوانێت خۆی بڕیار لەسەر سیاسەتی دەرەوەی بدات و مۆسکۆی ئاگادار کردەوە لەسەر ئەوەی دەبێت هێرشە ئەلیکترۆنیەکانی دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ڕابگرێت.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا دەستی بەسەر نیمچە دوورگەی کرێمیای ئۆکرانیادا گرت، ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا سەریانهەڵدا و هێزەکانی ئۆکرانیا لەو کاتەوە دژی گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەجەنگن، کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

ئۆستن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕوسیا ئەم جەنگەی دەستپێکرد و ڕوسیا بەربەستە لەبەردەم ئاشتیدا."

وتیشی " بۆیە دووبارە داوا لە ڕوسیا دەکەینەوە کۆتایی بە داگیرکردنی کرێمیا بهێنێت و چیتر هانی شەڕکردن نەدات لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هەروەها کۆتایی بە چالاکییە تێکدەرەکانی بهێنێت لە دەریای ڕەش و سەر سنوورەکانی ئۆکرانیادا، هەروەها هێرشە ئەلیکترۆنیە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئەمەریکا و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ڕابگرێت."

جێی ئاماژەیە ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا هەبێت یاخود هێز و کەلوپەلی سەربازی ڕەوانەی جیاخوازەکانی دۆنباس کردبێت. هەروەها کیێڤ بە بەرپرس دەزانێت لە نەبوونی هیچ پێشڕەوییەک بە ئاڕاستەی ئاشتیدا و ڕەتی دەکاتەوە هێرشی ئەلیکترۆنی ئەنجامدابێت.

دوابەدوای دەستبەسەراگرتنی کرێمیا لەلایەن ڕوسیاوە و هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمەریکا بووەتە بەهێزترین داکۆکیکار لە ئۆکرانیا.

بەڵام ئۆکرانیا نائومێد بووە سەبارەت بە خاوبوونەوەی هەوڵەکان تاوەکو ببێتە ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەم ساڵدا ڕوسیا هێزی ڕەوانەی سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کرد. ئەمەریکاش داوای لە ئۆکرانیا کردووە چاکسازی لە کەرتی بەرگریدا بکات تاوەکو شایستەی ئەوە بێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.

مانگی ڕابردوو کرێملن هۆشداریدا لەسەر ئەوەی هەر زیادکردنێک لە ژێرخانی سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆدا لە ئۆکرانیا، یەکێک لە " هێڵە سوورەکانی " سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن دەبەزێنێت.

ئۆستن وتی " هیچ وڵاتێکی سێیەم مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی نیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەندامبوون لە هاوپەیمانێتیەکەدا."

وتی " وەکو پێشتر گوێتان لێم بوو، ئۆکرانیا مافی ئەوەی هەیە خۆی بڕیار لەسەر سیاسەتی دەرەوەی بدات و پێشبینی ئەوە دەکەین بتوانن ئەو کارە بکەن بەبێ هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG