Accessibility links

ئەمەریکا بەنیازە موشەکی دژە کەشتی پێشکەتوو بدات بە ئۆکرانیا


بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن کۆشکی سپی کار دەکات بۆ پێدانی موشەکی پێشکەوتووی دژە کەشتی بۆ ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتییان بدات ڕووبەرووی گەمارۆ دەریاییەکەی ڕووسیا ببنەوە.

ئۆکرانیا بە ئاشکرا داوای لە ئەمەریکا کردووە چەکی پێشکەوتووتری بداتێ، کە لە ئێستادا تەنها موشەکی جاڤیڵین و ستینگەر و کۆمەڵێک چەکی دیکەی داوەتێ. کیێڤ داوای جۆرە چەکێک دەکات کە بتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ دوورخستنەوەی هێزی دەریایی ڕووسیا لە دەریای ڕەشدا، ئەوەش ڕێگەی دەدات بەرهەمەکانی گەنم و بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی دیکەی هەناردەی دەرەوە بکات.

بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا و سەرچاوەکانی دیکەی کۆنگرێس ئاماژەیان بە کۆمەڵێک بەربەست داوە بۆ ڕەوانەکردنی موشەکی مەودا درێژتر و چەکی بەهێزتر بۆ ئۆکرانیا کە پێویستیان بە مەشقێکی درێژخایەن دەبێت تاوەکو هێزەکانی ئۆکرانیا بتوانن بەکاریان بهێنن، هەروەها باسیان لە نیگەرانییەکانیان کردووە سەبارەت بەوەی ئەو چەکانەی ئەمەریکا بکەونە دەستی هێزەکانی ڕووسیاوە و گرژییەکان زیاتر ببن.

بەڵام سێ بەرپرسی ئەمەریکا و دوو سەرچاوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا وتیان لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت دوو جۆری موشەکی بەهێزی دژە کەشتی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن یاخود لەڕێی هاوپەیمانێکی ئەوروپی ئەمەریکاوە بدرێن بە ئۆکرانیا کە ئەو موشەکەی هەبێت. دوو مووشەکەکەش لە جۆری هارپۆن و نەیڤاڵ ستڕایکن، هارپۆن کۆمپانیای بۆینگ دروستی دەکات و موشەکی نەیڤاڵ ستڕایک کۆمپانیاکانی کۆنگسبێرگ و ڕایثیۆن تەکنەلۆجیز دروستی دەکەن.

لە مانگی چواردا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە پورتوگال کرد موشەکی هارپۆن بدات بە ئۆکرانیا، مەودای موشەکەکە نزیکەی 300 کیلۆمەترە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا دەڵێت نزیکەی 20 کەشتی جەنگی ڕووسی بە ژێرئاوگەڕەکانیشەوە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەریای ڕەشدان.

شارەزایەکی هێزی دەریایی لە ناوەندی هەدسن، بڕایان کلاڕک، وتی 12 بۆ 24 موشەکی دژە کەشتی هاڕپۆن بە مەودای زیاتر لە 100 کیلۆمەترەوە بەسە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە ڕووسییەکان و ڕەنگە ڕووسیا ناچار بکات گەمارۆکەی لاببات. وتی " ئەگەر پوتن سووربێت لەسەر گەمارۆکەی، ئۆکرانیا دەتوانێت گەورەترین کەشتیەکانی ڕووسیا تێک بشکێنێت، ئەوەش لەبەر ئەوەی کەشتییەکان هیچ شوێنێکیان نیە لە دەریای ڕەشدا خۆیانی تیادا حەشار بدەن."

ڕووسیا پێشتریش زیانی دەریایی لێکەوتۆتەوە، بەرچاوترینیان نقومبوونی کەشتی مۆسکڤا بوو کە کەشتی سەرەکی کەشتیگەلی ڕووسیا بوو لە دەریای ڕەشدا.

بەرپرسانی ئەمەریکا و سەرچاوەکانی کۆنگرێس وتیان کۆمەڵێک وڵات ئارەزووی ئەوە دەکەن موشەکی هارپۆن بدەن بە ئۆکرانیا. بەڵام کەس نایەوێت یەکەمین وڵات یاخود تەنها وڵات بێت ئەو کارە بکات، ئەوەش لەترسی تۆڵەی ڕووسیا.

بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی وڵاتێک هەیە کە دەیەوێت یەکەمین وڵات بێت لە ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە موشەکانەدا بۆ ئۆکرانیا. هەر کە ئەو وڵاتە موشەکەکەی نارد بۆ ئۆکرانیا، ڕەنگە وڵاتانی دیکەش هەمان شت بکەن.

موشەکی نەیڤاڵ ستڕایک دەکرێت لە کەناراوەکانی ئۆکرانیاوە هەڵبدرێت و مەوداکەی دەگاتە 250 کیلۆمەتر. هەروەها 13 ڕۆژ مەشقی پێویستە بۆ چالاککردنی.

بەرپرسەکانی ئەمەریکا و سەرچاوەکانی کۆنگرێس وتیان ئەمەریکا هەوڵ دەدات ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئۆکرانیا تاوەکو موشەکی نەیڤاڵ ستڕایکی لە وڵاتانی ئەوروپییەوە دەست بکەوێت.

سەرچاوەکانی کۆنگرێس وتیان بژاردەکەی دیکە ئەوەیە کە نەرویج موشەکی نەیڤاڵ ستڕایک ببەخشێت بە ئۆکرانیا کە ئەو بیرۆکەیە لەلایەن پەرلەمانتارانی نەرویجەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

سەرجەم ئەو چەکانەی کە داواکراون و ئەمەریکا دروستی کردوون، وەکو هاڕپۆن و موشەکی نەیڤاڵ ستڕایک، سەرەتا دەبێت لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە پەسەند بکرێت، کە ئەویش ڕێنماییەکان لە کۆشکی سپییەوە وەردەگرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG