Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆ سەرۆک ترامپ: لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران مەکشێرەوە


وەزیری دەرەەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
وەزیری دەرەەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد بڕیار لەسەر کۆتایی هێنان بە ڕێکەوتنە ناوەکییەی ئێران نەدات و وتی ڕێکەوتنەکە خاڵی لاوازی تێدایە بەڵام دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات چارەسەر بکرێت.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەداوە کە لە 12 ی مانگی پێنجدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دەکشێتەوە ئەگەر هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی ئەو هەڵانە چارەسەر نەکەن کە لە ڕێکەوتنەکەدا هەیە.

هێشتا بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا پابەندن بە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەوە، بەڵام دەیانەوێت دوای کۆتایی هاتنی وادەی ڕێکەوتنەکە لە ساڵی 2015 دا جارێکی دیکە دەست بکەنەوە بە دانوستاندن سەبارەت بە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی ئێران و چالاکیە ناوەکییەکانی، هەروەها ڕۆڵی ئێرانیش لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو سوریا و یەمەن.

جۆنسن لە نوسراوێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا لەسەر ڕێکەوتنەکە دەڵێت " بەدڵنیاییەوە ڕێکەوتنەکە خاڵی لاوازی تێدایە، بەڵام من باوەڕم وایە کە دەکرێت چاک بکرێت." وتیشی " لەم کاتەدا بەڕیتانیا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ و فەڕەنسا و ئەڵمانیای هاوپەیمانماندا کاردەکەین بۆ گرەنتی ئەوەی چارەسەری ئەو خاڵە لاوازانە بکەین."

جۆنسن ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ئەمەریکای کرد بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هەوڵیدا بۆ ڕازیکردنی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ تاوەکو لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بمێنێتەوە و وابڕیارە چاوی بە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی جۆن بۆڵتن بکەوێت بەڵام چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا ناکەوێت.

جۆنسن وتی هیچ سوودێک نابینێت لە لەدەستدانی ئەو کۆت و زنجیرانەی کە ڕێکەوتنەکە هەیەتی لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران و ڕوونیشی کردەوە تاران یەکەمین لایەن دەبێت کە سوود لە کشانەوەی ئەمەریکا دەبینێت لە ڕێکەوتنەکەدا.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ بە هەمان شێوە هەوڵیاندا سەرۆک ترامپ ڕازی بکەن لەسەر ڕێکەوتنەکە بمێنێتەوە. ماکرۆن هۆشیاریدا لەوەی کە ئەگەر ئەمەریکا بکشێتەوە ئەوا لەوانەیە جەنگ ڕووبدات.

جۆنسن وتیشی " لەم کاتە هەستیارەدا کشانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و بەرزکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران هەڵە دەبێت."

هەروەها لە چاوپێکەوتنێکیشیدا لەگەڵ بەرنامەی فۆکس ئاند فرێندزی کەناڵی فۆکس نیوزدا، جۆنسن وتی ئەگەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە نەمێنێت و ئێران چەکی ناوەکی دەستکەوت ئەوا لەوانەیە پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن ڕووبدات لە ناوچەکەدا.

وتی " لەو کاتەدا سعودییەکانیش چەکی ناوەکییان دەوێت و میسڕییەکان و ئیماڕاتییەکانیش، بەڕاستی ئێستا لە بارودۆخێکی مەترسیدارداین. بە ڕای من ئێستا وادیار نیە بژاردەی سەربازیی هەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG