Accessibility links

ئەمەریکا و بەڕیتانیا سزا دەسەپێنن بەسەر حەماسدا


ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا و بەڕیتانیا سێیەمین خولی سزاکانییان سەپاند بەسەر گروپی چەکداریی حەماسی فەلەستینییەکاندا، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ئێران لە پشتیوانیکردنی گروپەکە لە ڕووی داراییەوە، هاوکات سزایان بەسەر گروپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکانیشدا سەپاند. ئەمەش دوابەدوای هێرشە کوشندەکەی مانگی ڕابردوویان بۆ سەر ئیسڕائیل.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو وڵاتەکە هەوڵ دەدەن " ڕێگری لە حەماس بکەن لە کۆکردنەوە و بەکارهێنانی پارەکان بۆ ئەنجامدانی کارە دڕندانەکانی."

وتیشی " کارەکانی حەماس بوونە هۆی ئازارێکی بێئەندازە و دەریخست کە تیرۆر بە گۆشەگیری ڕوونادات، لەگەڵ هاوبەشەکانمان پێکەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەجوڵێین بۆ کەمکردنەوەی ژێرخانی دارایی حەماس و دابڕینیان لەو پشتیوانییە داراییەی کە لە دەرەوە بۆیان دێت، هەروەها ڕێگریکردن لەو کەناڵە داراییە نوێیانەی کە هەوڵی بۆ دەدەن بۆ پشتیوانیکردن لە کارە دڕندانەکانییان."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئامانج لە سزاکان پاراستنی سیستمی دارایی نێودەوڵەتییە " لە سوکایەتی پێکردنی لەلایەن حەماس و یارمەتیدەرەکانییەوە."

وتی " پشتیوانی ئێران، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێی سوپای پاسدارانی ئیسلامییەوە، ڕێگە بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی حەماس و گروپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکان دەدات، لەوانەش لە ڕێی گواستنەوەی پارە و دابینکردنی چەک و مەشقیشەوە. ئێران مەشقی بە چەکدارانی جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکان کردووە بۆ بەرهەمهێنان و پەرەدان بە موشەک لە غەززە و لە هەمان کاتیشدا پشتیوانیکردن لەو گروپانەی کە لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لە چەکدارانی سەر جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکان دەکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG