کەناڵی ئەل مەسیرەی حوسییەکان ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە ئەمەریکا و بەڕیتانیا دوو هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەندەری ڕاس عیسا، کە تێرمیناڵی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی یەمەنە.
تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە نەزاندراوە.
هێرشە ئاسمانییەکان لە کاتێکدان کە حوسییەکانی یەمەن لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور زیادکرد، ڕۆژی هەینیش هێرشێکی دیکەی ئەنجامدا کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەک لەسەر کەشتییەکی تانکەری سوتەمەنی.
سوپای ئەمەریکا وتی تانکەرەکە، مارلین لواندا، زیانی پێگەیشتووە بەڵام هیچ کەسێک زیانی پێنەگەیشتووە، کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا یارمەتی داوە.
سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا سێنتکام وتی نزیکەی هەشت کاتژمێر دوای ئەوە، سوپای ئەمەریکا موشەکێکی دژە کەشتی حوسییەکانی لە ناوبردووە کە ئاڕاستەکەی بۆ دەریای سوور بووە و ئامادەکراوە بۆ هەڵدان.
لە 19 ی مانگی یانزەوە وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، حوسییەکانی یەمەن چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و موشەکییان ئاڕاستەی کەشتییەکانی دەریای سوور کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز