سەرۆکی شارەوانی واشنتنی پایتەخت ڕاگەیاندنێـکی دەرکرد لە بارەی پەلامارەکەی ڕۆژی سێشەممەی پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا بۆ سەر خۆپیشاندەران لە بەردەم شوێنی حەوانەوەی باڵیۆزی تورکیا و تیایدا بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد.
خانم میوریەڵ باوزەر ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی " ئەوەی دوێنێ بینیمان، توندوتیژیـیەک بوو بەرامبەر خۆپـیشاندانێـکی ئاشتیانە. ئەمە سووکایەتیکردنێـکە بە بەهاکانی واشنتن و مافەکانمان وەکو ئەمەریکایـیەک. بە توندی ئەو کردەوانە شەرمەزاردەکەم. بەڕێوەبەر نیوشام (سەرۆکی پـۆلیسی واشنتن) ئاگاداری کردمەوە لەوەی چ ڕێوشوێنێـک لەم بارەیەوە گیراوەتەبەر. پـۆلیسی پایتەخت لە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت و لەگەڵ هاوبەشە فیدراڵیـیەکانیان کاردەکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دادپەروەری."
لە لایەکی دیکە پیتەر نیوشام سەرۆکی پـۆلیسی واشنتن ئەویش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەلامارەکەی بە هێرشێـکی دڕندانە ناودێرکرد و گوتی 11 کەس برینداربوون کە یەکێـکیان پـۆلیسە و 9 لە بریندارەکان بەرەو نەخۆشخانە برابوون.
پاشان گوتی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و دەزگای پاسەوانی سەرۆکایەتی کاردەکەن بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێـک دەسـتی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.
پاشان ژمارە تەلەفونێـکی ڕاگەیاند بۆ ئەوانەی زانیاری زیاتریان لە بارەی ڕووداوەکەوە لایە و گوتی دەتوانن لەو ڕێگەیەوە پەیوەندیان پێوەبکەن.
هەروەها سیناتۆری کۆماری جۆن مەککەین ناڕەزایی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی و لەسەر تویتەری خۆی ڤیدیۆیەکی دەنگی ئەمەریکای بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیویەتی"ئێرە ئەمەریکایە. ئێمە لێرە ئەمە ناکەین. هیچ پاساوێـک بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارە شەقاوەیانەیە نیـیە."