Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: واشنتن و ئەنقەرە ڕێکدەکەون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و هاوتا تورکییەکەی مەولود چاوش ئوغلۆ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ و هاوتا تورکییەکەی مەولود چاوش ئوغلۆ لەمیانەی کۆبوونەوەکەی سەنگاپوورەدا ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان وڵاتەکانیان.

ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر دوو وەزیری باڵای تورکیادا بەهۆی ئەوەوە کە بەرپرسانی تورکیا قەشەیەکی ئەمەریکیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکردووە و ڕەتی دەکەنەوە ئازادی بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت وتی " دوو وەزیرەکە باسیان لە کۆمەڵێک بابەت کردووە و گفتوگۆیەکی بنیادنەرانەیان ئەنجام داوە. ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە."

چاوش ئۆغلۆ پەیامەکەی تورکیای دووبارە کردەوە و وتی " زمانی هەڕەشە و سەپاندنی سزا هیچ سوودێکی نیە." بەڵام وتیشی لەگەڵ پەمپیۆدا هەنگاوی پێویست دەگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان.

لە لێدوانێکیدا ئوغلۆ وتی " کۆبوونەوەیەکی باش بوو، بەڵام بێگومان پێشبینی ئەوە مەکەن کە لە یەک کۆبوونەوەدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ڕێکەوتین لەسەر کارکردن پێکەوە و لەنزیکەوە هاریکاری یەکتر بکەین و لە ماوەی داهاتوودا گفتوگۆکانی نێوانمان بپارێزین."

پەمپیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەمەریکا تورکیای ئاگادار کردۆتەوە کە ئێستا کات تەواو بووە و کاتی ئەوەیە قەشە برانسن ئازاد بکەن."

سەبارەت بە سزاکانیش وتی " هیوادارم بزانن ئەمە مانای چییە. ئێمە زۆر جددین." وتیشی " ئێمە ئەمە بە یەکێک لە کێشەکانی نێوانمان لەگەڵ تورکەکاندا دادەنێین."

وتیشی " پێویستە برانسن و هەموو ئەو ئەمەریکیانەی دیکەی کە حکومەتی تورکیا دەستگیری کردوون بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان. شتەکە ڕوونە. ئەوان ماوەیەکی زۆرە ئەم خەڵکانەیان دەستگیرکردووە و بێتاوانیشن. کاردەکەین بزانین ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ پێشەوە. هیوادارم بتوانین ئەوە بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG