Accessibility links

نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە تورکیا بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە پێدانی ڤیزا دەوەستێنن


نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە تورکیا ڕایگەیاند پێدانی ڤیزای کەمکردۆتەوە دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو یەکێک لە کارمەندەکانی لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە دەستگیرکراوە، بڕیارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەمەریکا پێویستی بەوەیە کە دووبارە هەڵسانگاندن بکاتەوە بۆ پابەندبوونی ئەنقەرە بە پاراستنی ئەندامەکانی.

هەفتەی ڕابردوو کارمەندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئەستەنبووڵ بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندیی هەیە بە فەتحوڵا گولەنەوە دەستگیرکرا و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی ئەو کارەی تورکیا بکات و ڕایگەیاند ئەو تۆمەتە هیچ بنەمایەکی نیە و زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دەگەیەنێت.

لە بەیاننامەکەی نوێنەری ئەمەریکا لە تورکیادا هاتووە دەڵێت " ڕووداوەکانی ئەمدواییانە حکومەتی ئەمەریکایان ناچارکردووە دووبارە هەڵسانگاندن بکاتەوە بە پاندبوونی تورکیا لە پاراستنی نوێنەرانی ئەمەریکا و ئەندامەکانی لە تورکیا."

هەروەها دەشڵێت " بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی سەردانی کونسوڵخانەکانمان دەکەن بۆ کەمترین ژمارە لەماوەی ئەنجامدانی ڕێوشوێنی هەڵسانگاندنەکەماندا،پێدانی ڤیزامان وەستاند بێجگە لە ڤیزای کۆچ نەبێت لە هەموو دامەزراوە ئەمەریکییەکان لە تورکیادا بۆ ئەوەی بەخێرایی هەڵسەنگاندنەکەمان ئەنجام بدەین."

دەزگای هەواڵی ئەنازۆڵی فەڕمی تورکیا بڵاویکردەوە کارمەندەکەی کونسوڵخانەکە هاوڵاتییەکی تورکیە و لە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممەدا دەستگیرکراوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و هەوڵدان بۆ زیان گەیاندن بە دەستوری حکومەتی تورکیا.

بە هەمان شێوە دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتن ڕایگەیاند پێدانی ڤیزای لە هەموو دامەزراوە تورکییەکان لە ئەمەریکا وەستاندووە دوای ئەوەی ئەمەریکا پێدانی ڤیزای وەستاند لە تورکیا.

بەیاننامەکەی تورکیا لە واشنتن بە هەمان شێوەی بەیاننامەکەی ئەمەریکا بوو، لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕووداوەکانی ئەمدواییانە حکومەتی تورکیایان ناچارکردووە دووبارە هەڵسانگاندن بکاتەوە بە پابەندبوونی ئەمەریکا لە پاراستنی ئەندامانی نوێنەرایەتی تورکیا و دامەزراوەکانی لە ئەمەریکا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG