Accessibility links

سەرۆک ترامپ داوا لە ئەمەریکاییەکان دەکات ئارامی بپارێزن


ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە کۆشی سپی پەیامێکی ڤیدیۆیی سەرۆک ترامپی بڵاو کردەوە لەو کاتەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی بەڵگەنامەی ئیمپیچکردنەکەی (تۆمەتبارکردن) لە ئەنجومەنی نوێنەران مۆرکرد کە پشێشتر بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرابو.

سەرۆک تراپ لەپەیامەکەیدا هیچ ئاماژەی بەو پرۆسەیە نەکرد لەبری ئەوە سەنگی خستە سەر ئەو توندوتیژییەی کە لە شەشی مانگی 1 لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕوویداو گوتی " دەمەوێت زۆر بە ڕوونی بڵێم، بەبێ هیچ گومانێک ئیدانەی ئەو توندوتیژییە دەکەم، کە هەفتەی ڕابردوو بینیمان. توندوتیژی و کاری تێکدەرانە بە هیچ شێوەیەک لە وڵاتەکەی ئێمەدا جێگای نابێتەوە و هیچ شوێنێکیشی لە بزوتنەوەکەماندا نییە."

سەرۆک ترامپ گوتیشی بزوتنەوەی" ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە، هەمیشە بۆ بەرگریکردن بووە لە فەرمانی یاسا، پشتیوانی کردن لە پیاو و ژنانی هێزەکانی چەسپاندنی یاسا و بەرزڕاگرتنی وڵاتەکەمان بە نەریت و بەها پیرۆزەکانییەوە. توندوتیژی گێرەشێوێنی دژی هەمو ئەو شتانەیە کە بڕوام پێیانە هەمو ئەو شتانە کە بزوتنەوەکەمان بەرگری لێ دەکەن. جا هیچ لایەنگرێکی ڕاستەقینەی من هەرگیز پشتیوانی لە توندوتیژی سیاسی ناکات، هیچ لایەنگرێکی ڕاستەقینەی من هەرگیز سوکایەتی بە هێزەکانی چەسپاندنی یاسا یان ئاڵای وڵاتە مەزنەکەمان ناکات، هیچ لایەنگرێکی ڕاستەقینەی من هەرگیز هەڕەشە لە هاووڵاتی ئەمەریکا ناکات و هەراسانی ناکات. ئەگەر تۆ ئەم شتانە بکەیت ئەوا تۆ پشتیوانی لە بزوتنەوەکەمان ناکەیت بەڵکو هێرشی دەکەیتەسەر هێرش دەکەیتە سەر وڵاتەکەمان و ئێمەش ناتوانین لەگەڵیدا پشودرێژبین."

لێدوانەکەی شەوی چوارشەممەی سەرۆک ترامپ زۆر جیاوازبوو لەوەی کە هەفتەی ڕابوردوو بەر لە هوروژمی گێرەشێوێنەکان بۆ سەر بنیای کۆنگرێس لە نزیک کۆشکی سپی داوای لە هەزاران لە پشتیوانانی کرد "تێبکۆشن" دژ بە یاسادانەرە دیموکراتەکان کە ئەنجامی دەنگەکانی نوێنەرانیان لە بەرژەوەندی جۆو بایدنی دیموکرات پەسەند دەکرد. بەهۆی ئەو ئاژاوەیە پرۆسەکە ڕاگیراو پاش چەند کاتژمێرێک کە هێزەکانی پۆلیس و گاردی نیشتمانی بیناکەیان کۆنترۆڵ کردەوە کۆنگرێس دەستی بە پرۆسەی بە فەرمی پەسەند کردنی دەنگی نوێنەران کردەوە و بە فەرمی سەرکەوتنی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا پەسەند کرا.

بەڵام لە دواین وتاریدا ترامپ جەختی کردەوە لەوەی گرنگ نیە لە هەر لایەک بیت " دیموکرات بیت یان کۆماری هەرگیز هیچ ڕەوایی نادرێت بە توندوتیژی، هیچ بیانوویەک نییە، هیچ لێبوردەییەک نییە. ئەمەریکا وڵاتی یاساکانە. ئەوانەی دەستیان لە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوودا هەبووە دەخرێنە بەردەم دادگا. ئێستا داوا لە هەمو ئەو کەسانە دەکەم کە ڕۆژێک بڕوایان بە ئەجێندای ئێمە هەبووە ئارام و لەسەرخۆ بن و هاوکاربن بۆ بەروپێشبردنی ئاشتی لە وڵاتەکەماندا."

هەروەها ئاماژەی بەو ڕاپۆرتانەش کرد کە دەڵێن پلانی خۆپیشاندانی زیاتر هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە واشنتن و سەرانسەری وڵات سەرۆک گوتی " هەمو ئەمەریکاییەک شایستەی ئەوەیە دەنگی ببیسترێت بە ڕێگایەکی ڕێزو ئاشتیانە. ئەمە یەکەم مافی دەستوریتانە. بەڵام جەخت دەکەمەوە لەوەی دەبێت هیچ توندوتیژییەک نەبێت، یاسا نەشکێندرێت و هیچ جۆرە کارێکی تێکدەرانی تێدا نەبێت، هەمو کەسێک دەبێت پەیڕەوی یاسا بکات و ڕێنماییەکانی کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا بپارێزێت."

سەرۆک ترامپ گوتیشی داوای لە هەمو ئاژانسەکانی حکومەت کردووە هەمو سەرچاوەکانیان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی ئارامی. هەروەها ئاماژەشی بەوەکرد هەزاران گاردی نیشتیمانی لە واشنتن دەبن بۆ پاراستنی ئاسایش لە دەمی گواستنەوەی دەسەڵاتدا.

هەفتەی داهاتوو ڕۆژی 20 ی مانگی 1 سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆو بایدن بە فەرمی سوێندی یاسایی دەخوات و ڕێک لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆ بە کاتی واشنتن تەواوی دەسەڵاتەکانی ترامپی کۆماری دەگوازرێتەوە بۆ بایدنی دیموکرات.

سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئامادەی مەڕاسیمی سوێندخواردنی بایدن نابێت، بەمەش نەریتی لەمێژیینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشگوێ دەخات وەکو سەرۆکێکی لەسەر کاردەرچوون گەواهی سوێندخواردنی جێگرەوەکەی بێت وەک نیشاندانی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە دیموکراسیەتی ئەمەریکادا.

هەرچەندە مایک پێنسی جێگری بڕیارە بەشداری مەڕاسیمەکە بکات، کە بە شێوەیەکی گشتی بە مەڕاسیمێکی بچووکتر لە پێشتر ئەنجام دەدرێت بەهۆی زۆری حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

XS
SM
MD
LG