Accessibility links

سەرۆک ترامپ: چیتر کۆریای باکور جێی هەڕەشەی ناوکی نیـیە


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت کۆبوونەوە مێژوویـیەکەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور زۆر سەرکەوتوو بووە و چیتر ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا جێی هەڕەشەی ناوکی نیـیە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرکەی خۆی نووسیویەتی"تۆزێکە گەڕامەتەوە لە گەشتێکی درێژ، بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەتوانێت هەستبکات زیاتر سەلامەتـترە بەراورد بەو ڕۆژەی دەسەڵاتم گرتەدەست. چیتر هەڕەشەی ناوکی لە لایەن کۆریای باکورەوە نیـیە. کۆبوونەوەم لەگەڵ کیم جۆنگ ئون ئەزمونێکی جێی سەرنج و زۆر ئەرێنی بوو. کۆریای باکور توانایەکی گەورەی لە ئایندە هەیە."

پاشان نووسیویەتی" بەر لەوەی دەسەڵات بگرمەدەست، خەڵکی پـێیانوابوو بەرەو شەڕ لەگەڵ کۆریای باکوردا دەڕۆین. سەرۆک ئۆباما گوتبووی کۆریای باکور گەورەترین کێشەی ئێمەیە. چیتر وانیـیە – شەو بە ئارامی بخەون!"

سەرۆک ترامپ لە میانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون بەڵێنی ئەوەی بە کۆریای باکور دا مانۆڕە لەشکریـیەکانی لەگەڵ کۆریای باشوردا ڕابگرێت. ئەمڕۆش لەسەر تویتەرەکەی لەم بارەیەوە نووسیویەتی" لە ڕێگەی ئەنجام نەدانی مانۆڕی سەربازی پارەیەکی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە، هەتا ئەو کاتەی بە نیازێکی پاک دانوستاندن بکەین کە ئێستا هەردوولا واین!"

جێی ئاماژەیە بەپـێی ڕێکەوتنەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئون دەبێت کۆریای باکور کۆمەڵێک هەنگاو بنێت، لەوانە تەواوی بەرنامەی چەکی ناوکی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و لە بەرامبەردا ئەمەریکا ئاسایش و سەلامەتی پـێۆنگ‌یانگ مسۆگەربکات. هەروەها کۆریای باکور هەوڵ بدات ئێسک‌وپـروسی ئەو سەربازە ئەمەریکایـیانە بگەڕێنێتەوە کە لە میانەی شەڕی کۆریادا گیانیان لەدەست دا.

XS
SM
MD
LG