Accessibility links

سیناتۆرێکی ئەمەریکی دەڵێت هەوڵدەدات سەرۆک ترامپ ڕازی بکات چاو بخشێنێتەوە بە بڕیارەکەیدا سەبارەت بە سوریا


سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لیندسی گراهام
سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لیندسی گراهام

سیناتۆرێکی باڵای کۆمارییەکانی ئەمەریکا وتی لەمیانەی ئێوارەخوانەکەی سبەینێدا لە کۆشکی سپی هەوڵدەدات سەرۆک ترامپ ڕازی بکات چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریادا و هەندێک هێز لەو وڵاتەدا بهێڵێتەوە.

سیناتۆر لیندسی گراهام هۆشیاری ئەوەیدا کە کشاندنەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا زیان بە ئاسایشی ئەمەریکا دەگەیەنێت و ڕێگە دەدات بە ڕێکخراوی داعش تاوەکو ڕیزەکانی یەکبخاتەوە و هەروەها وەکو ناپاکییەکیشە لەگەڵ کوردەکانی سوریادا کە دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریادا دەجەنگێن، هەروەها وتیشی ئەو کشاندنەوەی هێزانە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسڕائیل.

وتیشی " داوا لە سەرۆک ترامپ دەکەم لەگەڵ جەنەڕاڵەکاندا دابنیشێت و چاو بە بڕیارەکەیدا بخشێنێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی پەلە نەکەین و دڵنیابینەوە لەوەی کە بڕیارێکێ ڕاستمانداوە و گرەنتی ئەوەمان هەبێت کە ڕێکخراوێکی توندوتیژ دووبارە سەرهەڵنەداتەوە. هەروەها بۆ ئەوەش کە سوریا ڕادەستی ئێرانیەکان نەکەین."

گراهام لە لێدوانێکیدا بۆ سی ئێن ئێن وتی " دەمەوێت شەڕ لە حەوشەی دوژمندا بکەم نەک لەسەر خاکی خۆمان."

گراهام پێشوازی لە سەرۆک ترامپ کرد کە سەردانی هێزەکانی ئەمەریکای کرد لە عێراق لەسەر ئەوەی کە وتی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێڕاقدا دەمێننەوە، بەڵام وتی ڕێکخراوی داعش هێشتا هەڕەشەیە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەوەی کە هەندێک خاکی لەژێر دەستدا ماوە.

وتیشی " لەبەر ئەوەیە دەبێت هەندێک لە سەربازەکانمان لەوێ بمێننەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG