Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیان دەکات یارمەتیدەر بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی ڕێنماییە فیدڕاڵیەکان بۆ مانەوە لە ماڵەوە و قەدەغەکردنی گەشتەکان لەگەڵ چین و ئەوروپادا وەکو خۆیان دەمێننەوە و هەروەها داواشی لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی کرد تاوەکو کۆتای مانگی چوار یارمەتیدەر بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت زیاتر لە 1 ملیۆن ئەمەریکی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک ترامپ وتی ڕێنماییە فیدڕاڵیەکان تاوەکو کۆتای مانگی چوار درێژ دەکاتەوە دوای ئەوەی سەرەتا تەنها بۆ 15 ڕۆژ بوو، ڕێنماییە فیدڕاڵیەکان خۆبەدوورگرتن لە تێکەڵاوی و قەرەباڵغی و هاتوچۆ نەکردنی ڕێستۆرانت وباڕەکان دەگرێتەوە و هەروەها هانی خەڵک دەدات لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

سەرۆک ترامپ وتی " ڕێنماییەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە، لەوانەیە تۆزێک توندتریش بکرێنەوە."

سەرۆک ترامپ داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کرد پابەند بن بە ڕێنماییەکانەوە.

وتی " هەر یەکێک لە ئێمە ڕۆڵێکمان هەیە بۆ سەرکەوتن لەم جەنگەدا، هەر هاوڵاتیەک یاخود خێزانێک دەتوانێت جیاوازییەک دروست بکات لە ڕاگرتنی ئەم ڤایرۆسەدا. ئەمە ئەرکی هاوبەشی نیشتیمانی هەموومانە. لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا ئەرکەکان قورستر دەبن، ئەم 30 ڕۆژەی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG