Accessibility links

دیموکراتەکانی ئەمەریکا داوای سزادانی ڕوسیا دەکەن بەهۆی دەستوەردانیەوە لە هەڵبژاردنەکانی 2020 دا


ڕابەری دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا چەک شومەر

دیموکراتە باڵاکانی ئەمەریکا وتیان پێویستە لەسەر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەزووترین کات سزا بسەپێنێت بەسەر ڕوسیادا، ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا ئەوەیان خستەڕوو ڕوسیا هەوڵدەدات لەمساڵدا دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە.

سێ ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا، چەک شومەر و بۆب مێنیندێز و شیرۆد براون نامەیەکیان نارد بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ و وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن، تیایدا داوایان کرد بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا " بەزووترین کات و بەتوندی " سزا بسەپێنێت بەسەر حکومەتی ڕوسیا و هەر ڕوسییەک کە دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە.

ڕۆژی هەینی سەرچاوەیەک لە کۆنگرێسی ئەمەریکاوە بە ڕۆیتەرزی وت بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا بە ئەندامانی کۆنگرێسیان ڕاگەیاندووە ڕوسیا دەستی کردووە بە هەڵمەتی چەواشەکردن و پڕوپاگەندە کردن بۆ یارمەتیدانی هەریەک لە کاندیدی دیموکراتەکان بێرنی ساندەرز و سەرۆک ترامپ کە هەوڵدەدات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا سەربکەوێت.

یاسای یەمەریکا ڕێگە بە بەڕێوبەرایەتیەکەی دەدات وەکو وەڵامێک بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا سزا بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت.

ئەندامانی ئەنجومەنی سینات داوایان لە پەمپێیۆ و منوچن کرد بەزووترین کات سزا بسەپێنن بەسەر ڕوسیادا.

چەک شومەر ڕابەری دیموکراتەکانە لە ئەنجومەنی سینات کە تیایدا کۆمارییەکان باڵادەستن، بەڵام هەریەک لە مێنیندێز و براون دوو ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی سینات و سەرپەرشتی سیاسەتی سزاکان دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG