وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ ماوەیەکی کاتی 1500 سەربازی دیکە ڕەوانە دەکات بۆ پاراستنی سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک، ئەمەش لە ئامادەکارییەکدا بۆ ئەگەری زیادبوونی کۆچی نایاسایی لە کاتێکدا کە بڕیارە دواتر لەم مانگەدا ڕێکارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لاببرێن.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕەوانەکردنی سەربازەکان بۆ ماوەی 90 ڕۆژ وەکو پشتیوانییەکە بۆ کارەکانی هێزە ئێشکگرەکانی سنووری ئەمەریکا نەک کارکردن وەکو پۆلیس. ئەرکەکانیان بریتی دەبێت لە چاودێریکردن و تۆمارکردنی زانیارییەکان و پڕکردنەوەی " ئەو بۆشاییانەی کە لە توانا هەستیارەکاندا هەن."
وتیشی هێزەکە زیادکردنێک دەبێت بۆ ئەو 2500 سەربازەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی کە پێشتر ڕەوانەی سنوورەکە کراون.
ڕێکارەکانی تایتڵ 42 لە 11 ی مانگی پێنجدا کۆتایی دێت، تایتڵ 42 ڕێگەی بە بەرپرسانی ئەمەریکا داوە دەستبەجێ و بە خێرایی ئەو کۆچبەرانەی کە مەکسیکی نین بگەڕێننەوە بۆ مەکسیک، بەبێ هیچ دەرفەتێک بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی.
ڕایدەر وتی 1500 سەربازەکە تاوەکو 10 ی مانگی پێنج دەگەنە سنوورەکە.
سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ ڕەوانەکردنی سەرباز بۆ سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک، سەرۆکی مەکسیک مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئەمەریکا وڵاتێکی خاوەن سەروەرە و مەکسیک ڕێز لە بڕیارەکانی دەگرێت.
سوپای ئەمەریکا پێشتریش لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکادا وەکو جۆرج دەبلیو بوش و باراک ئۆباما و ترامپدا هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان بەکارهێناوە بۆ پاراستنی سنوورەکە، ترامپ هەزاران سەرباز و هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی ڕەوانەی سنوورەکە کردبوو.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز