Accessibility links

خەلیلزاد لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە قەتەڕ کۆبۆوە


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد ڕۆژی دووشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ چاویکەوت بە ڕابەری سیاسیی تاڵیبان مەلا عەبدولغەنی باردار، ئەمەش لە ئاست بەرزترین کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئەمەریکا و تاڵیباندا لە دوای دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاشتی ئەفغانستانەوە.

زەڵمای خەلیلزاد لە تویتەر نووسی ئەو و باردار کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تاڵیبان لە نیوەڕۆخوانێکی کاردا کۆبوونەتەوە پێش دەستپێکردنی خولێکی نوێی وتوێژەکانی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان. ئەمەش لە هەوڵەکانی ئەمەریکادا بۆ هاتنە دەرەوە لە جەنگی 17 ساڵەی ئەفغانستاندا.

هەردوولا بە ڕەشنووسی ڕێکەوتنێک کۆتاییان بە گفتوگۆکان هێنا کە سەنگ دەخاتە سەر بەڵێنەکانی تاڵیبان لەسەر ئەوەی ئەفغانستان نەکاتە بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی بیانی.

بەڵام کاتێکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا یاخوود وەستاندنی شەڕ لە ئەفغانستاندا، ئەو دوو بابەتەش لە ڕابردوودا بەربەستیان خستبووە بەردەم هەوڵەکانی ئاشتی.

خەلیلزاد لە تویتەر نووسیویەتی " گەیشتمە قەتەڕ تاوەکو چاوم بە شاندێکی تاڵیبان بکەوێت کە دەسەڵاتی زیاتریان هەیە. ئەمە دەکرێت ساتێکی گرنگ بێت."

دواتر دەڵێت " ئێستا نیوەڕۆ خوانێکم لەگەڵ مەلا باردار و هاوڕێکانیدا تەواو کرد. یەکەمین جارە کۆدەبینەوە. ئێستاش دەڕۆین بەرەو دانوستانەکان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG