Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان: بەمزووانە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا ئەنجام دەدرێت


زەڵمای خەلیلزاد
زەڵمای خەلیلزاد

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان وتی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا بەمزووانە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەگەر تاڵیبان بەردەوام بێت لە شەڕکردن ئەوا هێزەکانی ئەمەریکا یارمەتی هێزەکانی ئەفغانستان دەدەن لە جەنگدا.

دانوستانەکانی ئاشتی نێوان تاڵیبان و بەرپرسانی ئەمەریکی گەیشتە ڕێگەیەکی داخراو، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو تاڵیبان خولی چوارەمی دانوستانەکانی هەڵوەشاندەوە و ڕەتی کردەوە حکومەتی ئەفغانستان بەشداری دانوستانەکان بکات.

تاڵیبان هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستانەکان کرد ئەگەر ئەمەریکا سووربێت لەسەر مانەوەی ‌هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستاندا، داوای سەرەکی تاڵیبان بۆ کۆتای هێنان بە جەنگ، کشانەوەی هەموو هێزە بیانییەکانە لە ئەفغانستان.

ئەم هەڕەشەیەی تاڵیبانیش چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد هات بۆ وڵاتەکە دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هیندستان و چین و ئیماڕاتدا کۆبۆوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆسەی ئاشتی.

خەلیلزاد لە کابوڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر تاڵیبان بیەوێت قسە بکەین ئەوا دەتوانین قسە بکەین، ئەگەر بیانەوێت شەڕ بکەین ئەوا دەتوانین شەڕ بکەین."

خەلیلزاد وتی " هیوادارین تاڵیبان بیەوێت بگات بە ئاشتی. بەڵام ئەگەر دانوستانیان هەڵنەبژارد و بەردەوام بوون لە شەڕ کردن ئەوا ئەمەریکا لەپاڵ گەلی ئەفغانی و حکومەتی ئەفغانستاندا دەوەستێت و پشتیوانیان لێدەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG