Accessibility links

شەشەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان کۆتایی هات


بەرپرسێکی تاڵیبان وتی نوێنەرانی ئەمەریکا و تاڵیبان کۆتاییان بە شەشەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتی هێنا و هەندێک پێشڕەوییان کردووە سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێکەوتنێک کە پەیوەستە بە بەرواری کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستاندا.

لە 30 مانگی چواردا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ دانوستانەکان دەستیان پێکرد، لەمیانەی دانوستانەکاندا ئەمەریکا هەوڵیدا گرەنتییەک لە تاڵیبان وەربگرێت کە تاڵیبان ڕێگە بە کۆمەڵە توندڕەوەکان نەدات ئەفغانستان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان.

نزیکەی 17 هەزار سەربازی بیانی لە ئەفغانستاندا هەیە وەکو بەشێک لە ئەرکی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی هێزە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان.

ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر تاڵیبان تاوەکو ڕازی ببێت شەڕ ڕابگیردرێت و دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا بکات، تاڵیبانیش پێی وایە حکومەتی ئەفغانستان بووکەڵەی ژێر دەستی ئەمەریکایە.

وتەبێژی ئۆفیسی سیاسیی تاڵیبان محەمەد سوهەیل شاهین لە تویتەر لە دەوحە نوسیویەتی " شەشەمین خولی دانوستانەکان تەواو بوو. هەندێک پێشڕەوی کراوە لە ڕەشنوسی ڕێکەوتنێکدا کە لە کۆتا خولی دانوستانەکاندا ئامادەکراوە."

وتی " بەشێوەیەکی گشتی ئەم خولە ئیجابی بووە و بنیادنەرانە بوو. هەردوولا بە ئارامی و وردییەوە گوێیان لە یەکتر گرتووە."

لە دانوستانەکانی ئەمجارەدا ڕابەری سیاسیی تاڵیبان مەلا عەبدولغەنی بارادار بەشداری کرد و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد ڕابەرایەتی تیمە ئەمەریکییەکەی کرد.

خەلیلزا کە سیاسەتمەدارێکی کۆنی ئەمەریکایە و لە ئەفغانستان لە دایک بووە پێشنیاری بۆ هەموو لایەنەکانی جەنگ کرد شەڕ بوەستێنن لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ کۆتای هێنان بە جەنگی ئەفغانستان کە نزیکەی 18 ساڵە بەردەوامە.

بەڵام تاڵیبان پێشنیارەکەی خەلیلزادی ڕەت کردەوە و بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بۆ سەر بیناکانی حکومەت و ئۆفیسەکانی ڕێکخراوە بیانییەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG