Accessibility links

مارک ئێسپەر: تاڵیبان پابەند نیە بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە


وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر

وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئێسپەر وتی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی پابەند نیە بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە کە لە ڕێکەوتنەکەی ئەمساڵی نێوان ئەمەریکا و تاڵیباندا بۆی دیاریکراوە، ئەمەش لەنێوەندی ئەو بەڵگانەدا کە ئاماژە بەوە دەدەن ڕێکەوتنەکە ڕووبەڕووی فشار بۆتەوە بەهۆی قەیرانی سیاسیی و توندوتیژییەکانی تاڵیبانەوە.

دوای گفتوگۆکردنێکی دوورودرێژ، لە مانگی 2 ی ئەمساڵدا تاڵیبان و ئەمەریکا ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد تیایدا سنوورێک دادەنێت بۆ توندوتیژییەکانی تاڵیبان و هەروەها ڕێگە خۆشکردن بۆ دانوستانەکانی نێوان بزوتنەوەکە و حکومەتی ئەفغانستان، بەڵام هیرشەکانی تاڵیبان لەو کاتەوە زیادیان کردووە.

ئێسپەر کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا تاڵیبان پابەندە بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە، بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وانیە پابەند بن پێوەی."

وتیشی پێی وایە حکومەتی ئەفغانستانیش پابەند نیە بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە. جێی ئاماژەیە حکومەتی ئەفغانستان لایەنێک نەبووە لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان.

ئێسپەر وتی " پێویستە حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی نێوانیان بکەن."

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەست ڕۆیتەرز کەوتوون، لە دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی نێوان تاڵیبان و ئەمەریکاوە و لە ماوەی 45 ڕۆژدا تاڵیبان 4,500 هێرشی لە ئەفغانستاندا ئەنجام داوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG