Accessibility links

واشنتن جەخت لە پشتیوانی خۆی بۆ تایوان دەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە " پشتیوانی ئەمەریکا بۆ تایوان هەمیشە وەکو بەرد بە پتەوی دەمێنێتەوە " ئەمەش سەرەڕای هەوڵەکانی چین " بۆ تۆقاندن " دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە کۆمەڵێک فڕۆکەی سەربازی چین بەسەر ئاسمانی تایواندا فڕین.

ئەم لێدوانانەش یەکەمین لێدوانی بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکان سەبارەت بە تایوان، ئەم ڕاگەیاندنەش وەکو وەڵامێک بوو بۆ ئەو فڕۆکە سەربازییانەی چین کە بەسەر ئاسمانی تایواندا فڕین.

وەزارەتی بەرگری نیشیتیمانی تایوان ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە 13 فڕۆکەی جەنگی چینی ئاسمانی تایوانیان پێشێل کردووە، هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئاماژەی بەوەدا چین ڕۆژی یەکشەممە 15 فڕۆکەی دیکەی ڕەوانەی ئاسمانی تایوان کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تێد پرایس لە بەیاننامەیەکدا وتی " بە نیگەرانیەوە چاودێری تۆقاندنەکانی کۆماری شیوعی چین دەکەین بەرامبەر تایوان و دراوسێکانی." هەروەها داوای لە چین کرد " فشارە سیاسی و سەربازی و داراییەکانی لەسەر دورگەکە ڕابگرێت."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەشی بەوەدا واشنتن بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ " پتەوکردنی " پەیوەندییەکانی لەگەڵ تایوانی دیموکراتدا.

لە کۆتای جەنگی ناوخۆدا لە ساڵی 1949 تایوان لە چین جیابۆوە، دانیشتوانەکەی کە 23 ملیۆن کەسن هەمیشە لەژێر ترسی ئەوەدا دەژین چین وڵاتەکەیان داگیر بکات.

سەرەڕای ئەوەی بە فەڕمی دانیناوە بە پەکیندا، واشنتن گرنگترین هاوپەیمانی نافەڕمی تایوانە و لەڕووی سەربازیشەوە پشتیوانی دەکات.

لەلای خۆیەوە چین دژایەتی ئەوە دەکات وڵاتانی جیهان پەیوەندی فەڕمیان لەگەڵ تایواندا هەبێت، هەروەها لە هەوڵی ئەوەدایە دورگەکە بەشێوەیەک لێبکات دووربێت لە هەر پەیوەندییەکی سیاسیی لەگەڵ دەرەوەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG