Accessibility links

چاوپـێکەوتنی تایبەتی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی


مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا داواکاریـیەکانی خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا دەخاتە ڕوو و هەروەها ڕاوبۆچوونی خۆی دەڵێت لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە پەیوەندیـیان بە پاشە ڕۆژی ناوچەکەیان و سوریاوە هەیە.

دەقی وتووێژەکە

بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش، ئەمە چاوپـێکەوتنێکی تایبەتە لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕێز مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە پـرسی کوردی سوریا. بەڕێز مەزڵوم عەبدی بەخێربێت بۆ بەرنامەکەمان.

ئێوەش بەخێربێن و سڵاوتان لێبێت

کاک مەزڵوم وەک خۆت دەزانیت ئێستا لە ئەمەریکا ڕێبەرایەتیـیەکی نوێ هاتووەتە سەر دەسەڵات، جیهان لەگەڵ ئەم ڕێبەرایەتیـیە نوێـیەدا خۆی دەگونجێنێت و ڕێکدەخات. بۆیە دەمانەوێت لەگەڵتاندا وتووێژ بکەین و ڕاوبۆچوون و هەڵوێستان بزانین، بە تایبەتی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا و هەروەها بارودۆخی ناوچەکە. سەرەتا دەمانەوێت لە بارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە زانیاریمان بدەیتێ کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ناوچەی دێرزور لە دژی داعش ئەنجامتان دا. هەروەها دوایـین پـێشهاتەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا چین؟

وەکو دەزانن ڕێکخراوی تێرۆرستی داعش هێشتا کۆتایی پـێنەهاتووە و لە هێرشەکانی بەردەوامە. لە دوایـین هێرشیاندا کەسی سیڤیلیان کوشت. ئیدی مەترسی هەبوو، بۆیە ئێمەش ئۆپەراسیۆنێکی گەورمان لەسەر سنووری عێراق و سوریا دەستپـێکرد. گروپـێکی داعش دوو هاوسەرۆکی ژنی شەهید کرد (سەعدە فەیسەڵ ئەلهرماس سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی دەشیشە و هند لەتیف ئەلخضێری جێگری)، ئێمەش ئۆپەراسیۆنەکەمان لە دژی ئەوان و کەسانی دیکەی داعش ئەنجام دا. لە ئەنجامدا ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بوو و ئەو کەسانەی ئەو دوو کەسەی ئێمەیان شەهید کرد، گروپێکی 6 کەسی بوون 4 کەسیانمان کوشت و کەسێکیانمان دەستگیرکرد و یەکێکیان هەڵهات، و هەروەها کەسانی دیکەش لە ناوچەکە دەستگیرکران.

بە گشتی داعش لە هێرشەکانی بەردەوامە و هێشتا جێی مەترسیـیە و هەوڵ دەدات جارێکی دیکە خۆی زیندوو و بەهێزبکاتەوە و لە ناوچەکانی ڕژێم و عێراقەوە دێنە ناوچەکانمانەوە. ئێمەش لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی پـێکەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی شانەکانی داعش ئەنجام دەدەین.

باشە هۆکار چیـیە جارێکی دیکە هێرشەکانی داعش زیادیانکردووە؟ پـێشتر تێڕوانینێکی گشتی هەبوو کە ئیدی داعش نەماوە، وەک سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا ترامپ دیگوت ئێمە کۆتایـیمان بە داعش هێنا، هەرچەندە زۆر کەس هەبوون لەو بڕوایەدا نەبوون وەهابێت. ئێستاش هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕاپەرایەتی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئێوە دووبارەکردووەتەوە. بە ڕای ئێوە پـێویستە سیاسیـیەکانی واشنتن چ هەڵوێستێکیان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەکەتان؟

لە ڕاستیدا لە پاش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو ناوچەکان لە داعش ڕزگارکران، وەکو ڕەققە و منبج و تەبقە و کۆبانی، هێزەکانی هاوپەیمانان لەو ناوچانە کشانەوە، ئیدی داعش سوودی لەوە وەرگرت و وەک پـێشتر باسمکرد لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم و عێراق دێنە ناوچەکەمانەوە. هۆکارێکی دیکەی سەرەکی هەیە ئەویش ئەوەیە دۆخی سیاسی لە سوریادا بەرەوپـێشەوە ناڕوات و ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان پاشە ڕۆژی سیاسیـیان ڕوون نیـیە، بۆیە داعش سوود لەوە دەبینێت و هەڕەشە لە خەڵکی دەکات. ئینجا بۆ ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی داعش پـێویستە پاشە ڕۆژی سیاسی ئەم ناوچەیە ڕوونبکرێتەوە هەتا خەڵکی بازانن پاشە ڕۆژیان چیـیە. هەروەها ئەو ناوچانەی هێزەکانی هاوپەیمانان لێی کشاونەتەوە وەک ڕەققە و شوێنەکانی دیکە، پـێویستە جارێکی دیکە پـێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانان لەو ناوچانە لە دژی داعش کاربکەین. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی مەدەنی بکرێت کە ئەوەش دەبێتە هاوکاریـیەک لە دژی داعش.

بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا باش ئاگاداری مەسەلەی کوردن، تۆش دەڵێیت مەسەلەی سوریا دەبێت بە ڕێگەی سیاسی چارەسەربکرێت، ئینجا پـرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی نوێ دەتوانێت چی دیکەی جیاواز بکات بەراورد بە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ، نەک تەنیا لە ڕووی لەشکری بەڵکو لە بواری سیاسی و دیپـلۆماسیشدا؟

لە ڕاستیدا بە گەشبینیـیەوە پـێشوازی لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن دەکەین، هیوادارین ڕۆڵێکی گەورە ببینێت بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو. هیوادارین ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە چارەسەرکردنی پـرسی سوریا. دەبێت ئەم ناوچەیە پـێگەی خۆی هەبێت کە پـێکەوە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیماناندا لە داعش ڕزگارمان کرد. دەبێت مافەکانی گەلی کورد و هەروەها مافی پـێکهاتەکانی دیکەش بە ڕێگەی دەستوری بپارێزرێن، و لەسەر ئەو بنەمایە تەواوی پـرسەکانی سوریا چارەسەربکرێن.

ئاماژەت بەوە کرد لە کاتی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو هەندێک هەڵەکران، بە تایبەتی بڕیاری سەرۆکی پـێشوو ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کە لە واشنتن و ئەمەریکا بە گشتی ڕەخنەی زۆری لێکەوتەوە. کاریگەری ئەو بڕیارە لەسەر ئێوە و خەڵکی سیڤیل چی بوو، بە تایبەتی ئەوانەی ئاوارەبوون لە پاش ئۆپەراسیۆنەکانی سەر عەفرین و سەری کانی و گرێ سپی؟

سیاسەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو زۆر زیانی بۆ ئێمە هەبوو. جارێ پـێش هەموو شتێک خەڵکی ئەم ناوچەیە بە کورد و عەرەبەوە بڕوایەکی زۆریان بە هێزەکانی ئەمەریکا هەبوو، هەرچەندە ئێستاش هەیە، چونکە پـێکەوە ئەم ناوچەیەمان ڕزگارکرد. بەڵام ئەو متمانەپـێکردنە هەتا ڕادەیەکی زۆر کەمبووەوە کاتێک ئەمەریکا ڕێگەی بە تورکیا دا هێرشی سەر ناوچەکانمان بکات، هێرشی سەر سەری کانی و عەفرین بکات. ئێستا هەوڵ دەدەین جارێکی دیکە ئەو متمانەیە دروستبکەینەوە لە نێوان خەڵکی ناوچەکە و هێزەکانی ئەمەریکا. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە گەلی ئێمە زۆر زیانی لێکەوت، لە عەفرین نزیکەی 300 هەزار کەس ئاواربوون، عەفرین 95% ی کوردبوو، بەڵام ئێستا تەنیا 30% ی کوردەکەی ماوەتەوە و عەرەب و تورکمان چوونەتە شوێنەکانیان و گۆڕان بەسەر دیموگرافی عەفرین هاتووە. لە ئەنجامی هێرشەکانی ساڵی 2019 ی تورکیا بۆ سەر سەری کانی و گرێ سپی نزیکەی 300 هەزار کەسی دیکەی ئێمە ئاواربوون و ئێستا لە ژێر خێوەت دەژین و بارودۆخیان خراپە و چاوەڕێن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. ئەمانە وایانکرد متمانەمان کەمبێتەوە، بۆیە ئەگەر لەم ماوەیە سیاسەتێکی باش پـیادەبکرێت، ئەوا ئەو خەڵکە دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و ژیانیان وەک جاران ئاسایی بێتەوە.

باشە بەڕێوەبەرایەتی نوێ دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا چی بکات؟ ئەگەر تۆ ئێستا بەڕێز بایدن ببینێت چ داخوازیـیەکت لێی دەبێت؟

پـێش هەموو شتێک دەمانەوێت ئارامی هەبێت و کێشە هەرێمیـیەکان چارەسەربکرێن، لە نێواندا کێشەکان لەگەڵ تورکیا. دەمانەوێت هاوکاربن و نەهێڵن جارێکی دیکە ئارامی ئەم هەرێمە تێکبچێت لەلایەن هێزی دەرەکی وە دراوسێکانمان دەستوەردان لە هەرێمەکەماندا نەکەن. هێزی ئەمەریکایی لێرە بن و پـێکەوە لە دژی تێرۆرزم کاربکەین و ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەستن، ئەمە شتێکی سەرەکی بە پەلەن. بە داخەوە بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو ڕێگەی لە هێرشەکان نەگرت، بۆیە دەبێت ئەمە دووبارە نەبێتەوە هەتا خەڵکی ئەم هەرێمە بە ئارامی بژین. بۆ دوا ڕۆژی سیاسی هەرێمەکەش پـێویستە پشتگیریـیەکی باش لە بەڕێوەبەرایەتی سیڤیلی و سیاسی هەرێمەکە بکرێت.

باست لە دەستوەردانی هەرێمی کرد ، دەمەوێت لە بارەی پـرسی تورکیا پـرسیارت لێبکەم، تورکیا دراوسێی ئێوەیە و لە هەمان کاتیشدا هاوپەیمانێکی ئەمەریکایە، تورکیا دەڵێت کوردەکانی سوریا جێی هەڕەشەن بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی. پـێتانوایە ئێوە وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات و کوردی سوریا هەڕەشەبن بۆ سەر تورکیا؟

پـێشتر و ئێستاش دەیڵێینەوە ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر تورکیا و تورکەکانیش ئەوە لە ئێمە باشتر دەزانن. بەڵکو بە پـێچەوانەوە تورکیا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی ئێمە و داگیری کردووە و خەڵکی ئێمەی ئاوارەکردووە، ئێمە بۆ جارێکیش هێرشمان نەکردووەتە سەر تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی ئێمە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا نەگۆڕاوە. ئەو شەڕەی تورکیا لەگەڵ هێزێکی کوردستانی هەیەتی ئێمە لایەنێک نین تیایدا، ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی وتووێژ کێشەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا چارەسەربکرێن. بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا دەتوانێت لێرەدا ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت و ئێمەش لای خۆمانەوە ئامادەین.

واتە ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بانگێشتی ئێوە بکات بۆ وتووێژ لەگەڵ تورکیادا ئێوە ئامادەن؟

بەڵێ ئامادەین. وەکو دەزانن ناوچەی ئێمە داگیرکراوە و دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ تورکیا چارەسەربکەین، بۆیە ئامادەین بۆ وتووێژ و هیچ کۆسپی گەورە نیـیە ڕێگربێت لە بەردەم چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە.

سەرۆک بایدن و جەیک سەڵەڤن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی پـێشتر باسی مافی کورد و گرنگی دەستپـێکردنەوەی وتووێژی ئاشتی نێوان تورکیا و کوردی تورکیایان کردبوو، ئێوە وەکو کوردی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەگەر ئەوە ببێت ئێوەش ئامادەن بەشداربن؟

ئەوە ڕاستیەکە هەر چوار پارچەی کوردستان پـێکەوە گرێدراون، بە تایبەتی لە پـرسی کورددا. بزوتنەوەی سیاسی لە کوردستانی باکور لە کوردستانی تورکیا کاریگەری گەورەی لەسەر پارچەکانی دیکە هەیە، بۆیە بەبێ چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە کوردستانی باکور، چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە پارچەکانی دیکە قورسە. ئێمە وەهای دەبینین چارەسەرکردنی پـرسی ڕۆژئاوای کوردستان گرێدراوە بە چارەسەرکردنی پـرسی کورد لە باکوری کوردستان. بە تایبەتی ڕۆڵی بەڕێز ئوجەلان لە بەردەمدایە و کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژئاوا. بۆیە ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا.

باشە پشتیوانیکردن لە کارێکی لەو جۆرە، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و خەڵکی ئەمەریکا چ گرنگیـیەکی هەیە، بە تایبەتی ڕەوشی ئێوە؟ بۆچی خەڵکی ئەمەریکا خەمی ئێوە بخۆن و هەوڵ بدەن هەرێمی ژێر دەسەڵاتی ئێوە ئارامبێت و چارەسەریـیەکی سیاسی لە سوریا بێتە کایەوە؟

ئەگەر پـرسی ئێمە چارەسەربکرێت، ئەوا کاریگەری گەورەی لەسەر ئارامی تەواوی ناوچەکەدا دەبێت. ئێمە لەو بڕوایەداین ئەگەر پـرسی کورد چارەسەر نەکرێت و پـرسی خەڵکی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا چارەسەر نەکرێت، ئەوا پـرسی سوریاش چارەسەرناکرێت و داعش و گروپی دیکە بەهێزدەکات کە جێی هەڕەشەن بۆ سەر خەڵکی ئەمەریکا. بۆیە چارەسەری سیاسی لە ناوچەکەمان ئارامی لێدەکەوێتەوە و ئەوەش کارێگەری ئەرێنی لەسەر بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەبێت.

بارودۆخی خەڵکی کرستیان و ئێزیدی لە ناوچەکە چۆنە؟ بە تایبەتی لە عەفرین کە لەوێوە ڕاپـۆرت دێن باسی خراپی دۆخەکە دەکەن.

کرستیان و ئێزیدی بەشێکی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، و ستەمێکی گەورە بەرامبەریان کراوە لەلایەن داعش و گروپە ئیسلامیـیە توندڕەوەکانی دیکەوە. بۆ پاراستنی خۆیان پەیوەندیـیان بە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە. خەڵکی ئێمەی ئێزیدی چ لە عێراق لە شەنگال دووچاری کۆمەڵکوژیـیەکی گەورە بوون، مەخابن لێرەش چ لە ناوچەی سەری کانی و عەفرین تاوانی گەورە بەرامبەریان کراوە و گوندەکانیان تاڵانکراون و لە ژێر فشارن و لە بەردەم مەترسی کۆمەڵکوژیدان، وە هەندێکیان لای ئێمەن لە کەمپی پەنابەراندان. ئەمە پـرسێکی گرنگە و ئەرکی هەموو کەسێکی دیموکراتە ئەوانەی چاودێری بارودۆخی ئێزیدی و کرستیانەکان دەکەن، کار بۆ پاراستنیان بکەن.

ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کورد پـرسەکەیان پـێکەوە گرێدراوە. دەمەوێت لە بارەی پەیوەندیـیەکانی ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بزانم؟ هەرێمی کوردستانیش گەشبینە کە ئێستا بەڕێوەبەرایەتیـیەکی وەک دەڵێن دۆستی کورد هاتووەتە سەر دەسەڵات. هەروەها دوا پـێشهاتەکانی وتووێژی نێوان کورد و کورد چیـیە کە خۆت تیایدایت؟

وەکو دەزانن ئێمە لەگەڵ باشوری کوردستان زۆر پەیوەندیمان هەیە، نەک تەنیا پەیوەندی سیاسی، بەڵکو پەیوەندی بازرگانیشمان هەیە. هەرێم دەروازەی ئێمە بە ڕووی دەرەوە. ئێمە دەخوازین هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت، وە دەتوانێت لە هەموو بوارێکدا پشتگێری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات، لەوانە سیاسی و بازرگانی. ئەوان خاوەنی ئەزمون و سەرچاوەن.

وەک ئێوەش دەزانن، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕ لە نێوان کورددا ڕووبدات، دەیەوێت شەڕ لە نێوان هەرێمی کوردستان و هێزەکانی باکوری کوردستان ڕووبدات. هەتا ئێستا شەڕ لەگەڵ هێزەکانی پـێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕووی نەداوە و ئەمەش جێی خۆشحاڵیـیە. هیوادارین هەرێمی کوردستان پەیوەندی پتەوی هەبێت لەگەڵ هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بە تایبەتی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان.

پەیوەندیـیەکانتان لەگەڵ حکومەتی سوریا چۆنە؟ لەم دوایـیانەدا هەندێک پـێکدادان ڕوویان دا.

ڕژێمی بەعس عەقڵیەتی خۆی نەگۆڕیوە. دەیەوێت شتەکان وەکو ساڵانی پـێش 2011 ی لێبێتەوە و دان بە مافی کورددا نانێت و مافی پـێکهاتەکانی ناوچەکە قبوڵ ناکات. لە ناوچەکانی دیکەی وەک شەهبا ملیشیاکانی سەر بە ڕژێم گەمارۆیان خستووەتە سەر خەڵکی ئێمە، ئەوانەی لە عەفرین و حەلەبەوە ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون، هەروەها خەڵکیشیان دەستگیرکردووە. ئێمەش ناچاربووین خەڵکی خۆمان بپارێزین، بۆیە هەندێک گرژی لە نێوانمان دروستبوو، ئێمە پـێشتر و ئێستاش نامانەوێت لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بکەوینە شەڕەوە، ئێمە دەمانەوێت پـرسی خۆمان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بە ڕێگەی وتووێژ چارەسەربکەین لەسەر بنەمای پـێدانی مافەکانی گەلی کورد و مافەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە قبوڵبکات.

کوردی سوریا لە نێو کورداندا بە گشتی بە برای بچوک ناودێردەکرا، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی زۆرێک لە ئەمەریکایـیەکان وەهای دەبینن ئاڵای کورد بە دەستی کوردی سوریا بەرزکراوەتەوە، لە ئەمەریکا کاتێک باسی کورد دەکرێت، دەگوترێت یەپەگە، پەپەژە، هەسەدە و وەکو کەس باسی تۆ دەکرێت، واتە ئێوە بە هزری ئەمەریکایـیەکاندا دێن، بۆیە دەتوانین بڵێین لە ئەمەریکا بە شێوەیەکی سرووشتی لۆبیـیەکتان بۆ دروستبووە. لە کاتی سەرۆکی پـێشوو کە دوو جار ترامپ لە ژێر فشاردابوو، گوتبووی هەندێک هەن جەنەڕاڵ مەزڵومیان لە من زیاتر خۆش دەوێت. بەڵام هاوکات دۆستت هەیە ڕەخنەت لێدەگرن، دەڵێن کە ئەو هەموو پـشتیوانی و دۆستەت هەیە، بۆچی سوودیان لێ وەرناگریت؟

پـشتگیری خەڵکی ئەمەریکا بۆ ئێمە، هێزەکانی سوریا دیموکرات و تەواوی هێزە سیاسیـیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە گرنگی دەبینین و سوپاسیان دەکەین و پـێزانینمان بۆی هەیە. لە ساتی سەختدا خەڵکی ئەمەریکا لە پاڵماندا بوون، هێزە سیاسیـیەکانی ئەمەریکا پشتگیریان کردین و ڕاگەیاندنی ئەمەریکا پـشتگیری لێکردین و سەربازانی ئەمەریکایی لەگەڵماندا بوون و ئەوەش جێی دڵخۆڵشیـیە. لە ڕاستیدا ڕێکخستن و هەوڵەکانی ئێمە لە ئەمەریکا لاوازە و لە ڕاستیدا ئەوەش کەم تەرخەمی ئێمەی تێدایە، بەڵام لە ئەمساڵەوە، لە 2021 وە دەمانەوێت خەڵکی ئێمە لە ئەمەریکا بەردەوام لە پەیوەندیدابن لەگەڵ هێزە سیاسیـیەکانی ئەمەریکا و کۆنگرێسمان و سیناتۆرەکان. بەڵام پـێویستە ئەوەش بڵێین کە کۆسپی بیرۆکراسیش لە بەردەماندا هەبوو و هیوادارین نەمێنێت.

ساڵی ڕابردوو کۆنگرێسی ئەمەریکا دەعوتنامەیەکی بۆ ناردبوویت. هیچ نیازێکت هەیە ئەگەر دەرفەتێکت بۆ بڕەخسێت سەردانی واشنتن بکەیت و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کۆنگرێسمانانە وتووێژبکەیت کە دەعوەتنامەکەیان بۆ ناردبوویت؟

ساڵی ڕابردوو ئێمە لە شەڕەدابووین و هەندێک کۆسپی بیرۆکراسیش هەبوون، بۆیە سەردانەکەمان نەکرا، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی زیاتر پـرسەکەی خۆمان بخەینە بەردەمی ئەمەریکا و وتووێژی لەسەر بکەین. هەروەها خۆشحاڵدەبم سەردانی ئەمەریکا بکەم و بتوانم ڕاستەوخۆ لەگەڵ خاون بڕیارە سیاسیـیەکانی ئەمەریکا پـرسی ئەم ناوچەیە باسبکەین تاوەکو چارەسەریـیەکی بۆ دابنرێت.

هەتا ئێستا چەند جارێک لەگەڵ سەرۆکی پـێشوو ترامپ پەیوەندیت کردبوو، ئایە هیچ پەیوەندیـیەکت لەگەڵ سەرۆک بایدن کردووە؟ یان چاوەڕێ دەکەیت شتێکی لەو جۆرە ببێت؟

پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا هەیە و هیوادارم لە ڕۆژانی داهاتوودا پەیوەندی زیاترمان هەبێت و لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە ئەنجام بدەین.

کاک مەزڵوم دەمەوێت لە دوا پـرسیارم لە بارەی ئەوە بزانم کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەرتوکێک بڵاوکرایەوە بە ناوی "کچانی کۆبانی" . کۆبانی بووە سمبوڵێکی کورد، شەڕی کۆبانی کە خۆت خەڵکی ئەوێیت و ڕێبەرایەتی ئەو شەڕەت کرد، ئێستا بووەتە جێی سەرنجی جیهان، لەوانە هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوەی ئەمەریکا و کچەکەی بە نیازن زنجیرە درامایەک لەسەر بنەمای ئەو پەرتووکە بەرهەم بهێنن. فیلمی دیکەش لەسەر یەپەژە لەلایەن فەڕەنسایـیەکانەوە بەرهەم هێنرا. تۆ لە بارەی ئەمەوە جێ دەڵێیت؟

ئەمە کارێکی باشە و زۆر سوپاسیان دەکەین، سوپاسی گێڵ زیمەک لێمنە نووسەری پەرتووکەکە دەکەین. لە ڕاستیدا کە هاتە ئێرە سەردانی کردم و منیش لەسەر کۆبانی قسەم بۆ کرد و هاوکاریم کرد، هەروەها هەڤاڵان لە هەسەدە و یەپەژە ئەوانیش هاوکاریـیان کرد و ئەویش کارێکی زۆر مەزنی ئەنجام دا کە پـێموایە شایستەی ئەو بەرخودانەیە کە کچانی کۆبانی ئەنجامیان دا، بۆیە ئێمە سوپاسی دەکەین کە کۆبانی بە ڕای گشتی ئەمەریکا ئاشنا دەکات، ئەمە هەنگاوێکی باشە و سەرمان پـێی بەرزە. هیوادارین داستانەکانی دیکە بە تایبەتی ئەوانەی بۆ شەڕی نەتەوەیی خۆمان کراون هی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە کە لە دژی داعش و لە دژی هێزە تیرۆستیـیەکان ئەنجام دراون زیاتر قسەیان لەسەر بکرێت و بە ڕای گشتی جیهان بناسرێن.

بەڕێز مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو وتووێژە و بە ناوی هەموو هاوکارانمانەوە و دەرهێنەری بەرنامەکە فەرهاد فەلاحی سوپاست دەکەین.

ئێمەش سوپاست دەکەین. زۆر سوپاس.

چاوپـێکەوتنی تایبەتی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی
please wait

No media source currently available

0:00 0:29:24 0:00

XS
SM
MD
LG