Accessibility links

ئەمەریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا دەست پێدەکاتەوە


هێزی ئاسمانی سەر بە دەریایی ئەمەریکا کە کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی هاری ئێس ترومان سەرکردایەتی دەکات لە سێی مانگی پێنجدا هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە دژی رێکخراوی داعش لە سوریا.

ئەم هێزە ئاسمانییە لە 18 ی مانگی چواردا گەیشتوونەتە لای کەشتیگەلی جەنگی شەشی ئەمەریکا، دوای هەفتەیەک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا بۆ سەر دامەزراوە کیمیاییەکانی سوریا.

هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی بڵاوکردنەوەی ئەم هێزە بڕیاری لەسەر درابوو بۆ پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی و هاوپەیمانێتی ناتۆ و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا.

کاپتن نیکۆڵاس دیێنای سەرۆکی کەشتی ترومان وتی ئەرکەکانمان دەست پێکرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی داعش کە لە ساڵی 2014 دا دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سوریادا.

وتیشی " ئەم ئەرکەی ئێمە سووربونمان لە پشتیوانیکردنی هاوبەشەکانمان و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا دەردەخات و شەڕی بەردەواممان بۆ لەناوبردنی داعش پیشان دەدات. "

هێزی دەریایی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند لە سێی مانگی پێنجەوە فڕۆکە جەنگییەکان دەستیان کردووە بە ئەرکەکانیان لە دەریای ناوەڕاستەوە بۆ سوریا.

جێی ئاماژەیە کەشتی فڕۆکە هەڵگری ترومان دەتوانێت 90 فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکی لە جۆری ئێف-18 هەڵبگرێت. سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەکان لەسەر کەشتی ترومان ستیڤن جۆنایدی وتی ئێستا لەسەر پشتی کەشتییەکە نزیکەی 60 فڕۆکەی جەنگی هەیە.

دیێنا وتی " ئەرکی سەرەکی ئێمە تەنانەت بەس بە بوونیشمان لێرە ئەوەیە ئاسایش و سەقامگیری زیاد بکەین لە ناوچەکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG