Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا بیر لە وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی بە کۆمەڵ دەکاتەوە دژی سوریا


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان ئەمەریکا بیر لە وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی بە کۆمەڵ دەکاتەوە لەدژی هێرشە کیماییەکەی سوریا، لەکاتێکدا شارەزایان ژمارەیەک دامەزراوەی سەرەکییان وەکو ئامانج دیاریکردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە بەڵێنیدا وەڵامدانەوەیەکی توندی هەبێت، وتی بڕیارەکە بەخێرایی دەدرێت دوای ئەو هێرشەی کە گومانی لێدەکرێت ئێوارەی ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردوو ڕوویدابێت لە شاری دۆمای سوریا و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە 60 کەس کوژران و سەد کەسی دیکە برینداربوون.

بەرپرسە ئەمەریکییەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن هیچ پلانێکیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام دانیان بەوەدانا کە بژاردە سەربازییەکان لە ئارادان. کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا ڕەتیان کردەوە لێدوان لەسەر بژاردە دیاریکراوەکان بدەن و هەروەها ڕەتیان کردەوە لێدوان لەسەر ئەگەری کردەوەی سەربازیی بدەن.

شارەزایانی جەنگی سوریا پێیان وایە هەریەک لە وڵاتانی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵات بەشدار بن لە هەر ئەرکێکی سەربازیی ئەمەریکیدا، کە ئامانج لێی ڕێگەگرتنە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە داهاتوودا لە جەنگی ناوخۆی سوریادا.

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە مانگی دوودا هۆشیاری دابوو لەوەی ئەگەر بێتوو سوریا چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت ئەوا فەڕەنسا هێرشە دەکاتە سەر سوریا.

نوێنەری بەڕیتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کارین پێرس بە ڕۆژنامەنووسانی وت وڵاتەکەی پێی باشترە لێکۆڵینەوەیەکی گونجاو دەست پێبکرێت، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە هەموو بژاردەکان لە ئارادان و پێویستە لەسەر لەندەن لە پەیوەندییەکی باشدا بێت لەگەڵ ئەمەریکا و فەڕەنسادا.

بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پێیان وایە بەڕاستی چەکی کیمیایی لە سوریادا بەکارهاتووە بەڵام وتیان واشنتن هێشتا زانیاری کۆدەکاتەوە. سەرۆک ترامپیش بێ ئەوەی وردەکاری بدات ئاماژەی بەوەدا کە ڕاستی ئەوە دەردەخات کە بە دیاریکراوی کێ لە پشت ئەو هێرشەوە بووە.

بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی ئاگاداری هیچ بڕیارێک نیە لەسەر هێرشی تۆڵەسەندنەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا هەر پلانێک بۆ هێرشکردن دابنرێت ئەوا ئامانجی هێرشەکە ئەو شوێنانە دەبن کە پەیوەستن بە بەرنامەی چەکی کیمیایی سوریاوە لەکاتێکدا هەوڵدەدات خۆی بەدووربگرێت لەوەی ئەو گازە ژەهراوییە لە ناوچەکانی شارەکەدا بڵاوببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG