Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی سوریا: ئەمەریکا جارێ ناتوانێت لە سوریا بکشێتەوە


سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەسر حەریری وتی ئەمەریکا ناتوانێت بەرپرسیارێتی دەرەنجامەکانی کشانەوە لە سوریا هەڵبگرێت لەکاتێکدا هێشتا ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا نەپێکاوە، سەرەڕای ئەوەی لەمدواییانەدا سەرۆک ترامپ وتی واشنتن هێزەکانی لە سوریا دەکشێنێتەوە.

حەریری وتی " من باوەڕم وایە ئەمەریکا جارێ ناتوانێت هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە."

ئەمەریکا بەدرێژایی جەنگی ناوخۆی سوریا پشتیوانی سەربازیی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووە لە شەڕیاندا دژی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، بەڵام ساڵی ڕابردوو پڕۆگرامی مەشق پێکردنەکان و یارمەتییە سەربازییەکانی ڕاگرت دوای ئەوەی سەنگی خستە سەر شەڕکردن دژی ڕێکخراوی داعش.

سەرۆک ترامپ لەم مانگەدا وتی حەز دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام دواتر ڕازی بوو لەسەر ئەوەی بۆ ماوەیەکی دیکە لەوێ بمێننەوە، دوای ئەوەی ڕاوێژکارەکانی وتیان پێویستە ئەمەریکا بوونی هەبێت لە سوریادا بۆ ئەوەی ڕێکخراوی داعش جارێکی دیکە سەرهەڵنەداتەوە و ئێرانیش نەتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی لە وڵاتەکەدا زیاتر بکات.

حەریری وتی " هێشتا داعش ماوە، ئەگەر ئەو هۆکارانەمان چارەسەر نەکرد کە داعش بەهۆیانەوە دروست بووە، ئەوا ئەم سەرکەوتنانە هەمووی کاتی دەبن، شەڕی دژ بە داعش کاری سەرەکی ئەمەریکایە."

وتیشی تاکە ڕێگە بۆ کۆتایی هێنان بە ملمکانێکانی سوریا گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسییە کە ببێتە هۆی گۆڕینی ئەسەد چونکە ئەو تەنها گرنگی دەدات بە چارەسەری سەربازیی. وتیشی چارەسەری سەربازیی تەنها لە کاتێکدا ڕێی تێدەچێت کە ئەمەریکا و ڕوسیا جددی بن لە گەیشتن بە چارەسەرێک.

وتی " پێویستی بە کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتییە، بە ڕێکەوتنی ڕوسیا و ئەمەریکا دەست پێدەکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG