Accessibility links

لە ئەمەریکا زیاتر لە 600 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراوە


ڕۆژی سێشەممە حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا 600 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند.

ئەمەریکا لە زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستداندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدایە، لە پێش هەریەک لە بەڕازیل و هیندستانەوەیە.

هاوکات ویلایەتی نیویۆرک ڕایگەیاند نزیکەی لە سەدا 70 ی پێگەیشتووانی ویلایەتەکە لانی کەم ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و دەکرێت دوایین ئەو کۆتوبەندانەی گیراونەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لاببرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی " هێشتا خەڵکێكی زۆر گیانیان لەدەستدا." ئەمە سەرەڕای ئەوەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات، بەڵام بەردەوامبوونی گیان لەدەستدانەکان " کارەساتێکی ڕاستەقینە بوو."

ڕۆژی دووشەممە بایدن لە بڕۆکسل وتی " سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەکەم کە خۆشەویستانیان لەدەستداوە." ئەمە لەکاتێکدا بەپێی ئامارێکی زانکۆی جۆنز هۆپکینز حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان نزیک بۆتەوە لە 600 هەزار حاڵەت.

بایدن وتی " هێشتا کاری زۆر ماوە بیکەین بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا. ئێستا کاتی ئەوە نیە ئاگاداری خۆمان نەبین. تکایە بەزووترین کات ڤاکسینەکە وەربگرە."

لە نیویۆرک سیتی کە زیاتر لە 33000 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستدا، زۆرینەی ئەو کۆتوبەندانەی کە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەپێندرابوون لابران.

فەرمانڕەوای ویلایەتی نیویۆرک ئاندرو کومۆ وتی " لە سەدا 70 ی خەڵکەکە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە."

وتی " ئەوە ئامانجێکی نیشتیمانیە، ئێمە بەر لەو کاتەی دیاریکرابوو کردمان، لە سەدا 70 مانای چیە؟ مانای ئەوەیە ئێستا دەتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆمان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG