Accessibility links

بەرپرسێک: ئەمەریکا سودان لە لیستی تیرۆردا لانابات تاوەکو سوپا ڕادەستی دەسەڵات نەکرێتەوە


بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا ناوی سودان لە لیستی تیرۆردا لانابات تاوەکو سەرکردایەتی و سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەتە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت و سوپا ڕادەستی دەسەڵات نەکرێتەوە.

بەرپرسەکە بە ڕۆیتەرزی وت " ئامادە دەبین بۆ ئەوەی سودان لە لیستی تیرۆردا لاببەین ئەگەر هاتوو گۆڕانکارییەک لە سەرکردایەتی و سیاسەتەکانی وڵاتەکەدا ڕووبدات."

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ گفتوگۆکانی لەگەڵ سوداندا ڕاگرت دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو سوپا بەسەر سەرۆک عومەر بەشیردا هەڵگەڕایەوە.

لە ساڵی 1993 دا حکومەتی ئەمەریکا سودانی خستە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن، هەروەها ڕێگەی گرت لە سودان بێتە ناو بازاڕەکانی جیهانەوە و بە توندی فشاری خستە سەر دارایی ئەو وڵاتە.

لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 دا ئەمەریکا سزا ئابووری و بازرگانییەکانی لەسەر سودان لابرد کە لە ساڵی 1997 دا حکومەتی ئەمەریکا سەپاندبووی بەسەر ئەو وڵاتەدا.

لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا ڕازیبوو بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکەی بەشیردا سەبارەت بە چۆنێتی لابردنی ناوی سودان لە لیستی تیرۆردا، بەڵام نەگەیشتن بە هیچ بڕیارێک بەهۆی ئەوەوە کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا سوپا هەڵگەڕایەوە بەسەر بەشیردا.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ خولی دواتری دانوستانەکانی ڕاگرت کە وابڕیاربوو لە مانگی چواردا بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی سوپا دەسەڵاتی گرتە دەست.

بەرپرسەکە وتی " زۆر گرنگە ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیردرێت، ڕێگە بدرێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەسەڵات ڕادەست بکرێت." وتیشی لە ئێستادا بەدووری دەزانێت سودان لە لیستی تیرۆردا لاببرێت و کۆتوبەندەکانیش هێشتا لە شوێنی خۆیانن.

سەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری ئەمەریکی سودانی ئیهاب عوسمان وتی زۆر پێویستە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وەکو بەڕیتانیا و فەڕەنسا فشار بخەنە سەر سوپا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG