Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: ئەگەر داوامان لێبکرێت ئامادەین گفتوگۆکانی نێوان کوردەکان و بەغداد ئاسان بکەین


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا ئامادە دەبێت بۆ یارمەتیدان لە ئاسانکردنی ئەنجامدانی گفتوگۆکان لەنێوان کوردەکان و بەغداددا لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە لەنێوان هەردوولادا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناوەرت وتی " ئەمەریکا ئامادە دەبێت بۆ یارمەتیدانی ئاسانکردنی ئەنجامدانی گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولادا ئەگەر بێت و داوامان لێبکرێت" جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە واشنتن دەست لە بابەتەکە وەرنادات هەتاکوو داوای لێنەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجامدا سەرەڕای ناڕەزایی هەریەک لە بەغداد و تورکیا و ئێران و کۆمەڵەی نێودەوڵەتیشەوە.

بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەوە حکومەتی بەغداد وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕیفراندۆمەکە سێ ڕۆژی دایە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و فڕۆکەخانەی سلێمانی نێودەوڵەتی ڕادەستی حکومەتی بەغداد بکاتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو داوایەی ڕەت کردەوە و وابڕیارە لە کاتژمێر 6ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینیەوە هەموو گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگیردرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG