Accessibility links

ڕاپۆرت: نوێنەری ئەمەریکا هیوادارە ساڵی داهاتوو لەگەڵ تاڵیباندا بگەنە ڕێکەوتنێک


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد

دەزگا هەواڵییە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان ئاماژەیان بەوەدا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان هیوادارە لە مانگی چواری ساڵی داهاتوو لەگەڵ تاڵیباندا بگەنە ڕێکەوتنێکی ئاشتی.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد بە ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی وت " هیوادارم پێش 20ی مانگی چواری ساڵی داهاتوو لەگەڵ تاڵیباندا بگەین بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی."

جێی ئاماژەیە خەلیلزاد ئێستا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانە و ڕابەرایەتی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان دەکات.

وابڕیاریشە لە 20 ی مانگی چواری ساڵی 2019 دا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەفغانستان بەڕێوەبچێت.

خەلیلزاد وتیشی هێشتا بە وریاییەوە گەشبینە سەبارەت بە دانوستانەکان.

مانگی ڕابردوو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا زەڵمای خەلیلزاد کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ هەڵیانبژاردن بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیباندا، لەگەڵ ڕابەرانی تاڵیباندا لە قەتەڕ کۆبۆوە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی 17 ساڵەی ئەفغانستان.

ڕۆژی یەکشەممە خەلیلزاد وتی ئەنجامی کۆتایی دانوستانەکان " ئاشتی دەبێت بۆ ئەفغانستان و هیچ مەترسییەک بۆ وڵاتەکە یاخوود بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست ناکات."

دوو ڕابەری باڵای تاڵیبان ئاماژەیان بەوەدا سەرکردایەتی تاڵیبان کۆمەڵێک داواکاری نوێ پێشکەشی خەلیلزاد دەکەن.

مانگی ڕابردوو تاڵیبان داواکارییەکانی خۆی پێشکەشی ئەمەریکا کرد و تیایدا یەکێک لە داواکارییەکان ئەوە بوو کە کاتێک دیاری بکرێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ئازادکردنی ئەندامە باڵاکانی تاڵیبان کە زیندانی کراون.

لە مانگی 10 دا پاکستان یەکێک لە دامەزرێنەرانی تاڵیبان و ڕابەرێکی باڵای ئازاد کرد.

هێشتا کاتی خولی نوێی دانوستانەکان ئاشکرا نەکراوە بەڵام خەلیلزاد وتی تاڵیبان لەوانەیە هەندێک لەو کەسانە بگۆڕێت کە ناردوونی بۆ دانوستانەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG