Accessibility links

کۆریای باشوور و ئەمەریکا بەنیازن لەم هەفتەیەدا ڕاگرتنی مانۆڕە سەربازییەکانیان ڕابگەیەنن


دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە کۆریای باشوور و ئەمەریکا بەنیازن لەم هەفتەیەدا ڕاگرتنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوانیان ڕابگەیەنن بەمەرجی ئەوەی کە ئەگەر کۆریای باکوور بەڵێنەکانی نەباتە سەر سەبارەت بە نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکەی ئەوا ئەو مانۆڕە سەربازییانە دەست پێبکەنەوە.

دەزگاکە لە سەرچاوەیەکی حکومەتی کۆریای باشوورەوە بڵاویکردەوە ڕاگرتنەکە تەنها کاریگەری لەسەر مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان دەبێت بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت لەسەر مەشقە سەربازییە ڕۆتینییەکان.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا هەموو بەرپرسانی واشنتن و سیئۆلی توشی سەرسوڕمان کرد کاتێک بەڵێنیدا مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕابگرێت.

هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریا دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک ترامپ وتی هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیان پێنەدراوە سەبارەت بە ڕاگرتنەکە و بەرپرسانی کۆریای باشووریش وتیان هەوڵدەدەن ئەو مەشقانە بزانن کە سەرۆک ترامپ مەبەستی بووە لە لێدوانەکانیدا.

بەڵام وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە سیئۆل هێشتا ئامادە نەبووە بۆ وەستاندنی مەشقەکان، سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین ڕۆژی پێنجشەممە وتی حکومەتەکەی دەبێت توند بێت سەبارەت بە فشارە سەربازییەکان بۆ سەر کۆریای باکوور، ئەگەر ئەو وڵاتە ڕاستگۆ نەبێت سەبارەت بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG