Accessibility links

ئەمەریکا و کۆریای باشوور بە هەڵدانی موشەک بۆ ناو دەریا وەڵامی تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکوور دەدەنەوە


سوپای ئەمەریکا و کۆریای باشوور بە هەڵدانی موشەک بۆ ناو دەریا وەڵامی تاقیکردنەوە موشەکییە باڵیستیکییەکەی کۆریای باکوورییان دایەوە کە بۆ یەکەمین جار دوای پێنج ساڵ موشەکەکە بەسەر ژاپۆندا هەڵدرا، هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە تاقیکردنەوە موشەکییەکەی کۆریای باکوور.

ڕۆژی سێشەممە کۆریای باکوور موشەکێکی مەداو ناوەندی باڵیستیکی تاقیکردەوە کە بەسەر ژاپۆندا ڕۆیشت و حکومەتی ژاپۆنیش هاوڵاتیانی ئاگادار کردەوە خۆیان حەشار بدەن.

سەرۆک ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور وتی هێزەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور وەکو وەڵامێک چەند موشەکێکیان بە ئاڕاستەی دەریا هەڵداوە، هەروەها لە ماوەی ڕابردووشدا لە ڕێی فڕۆکە شەڕکەرەکانیانەوە مەشقێکی بۆردومانکردنییان لە دەریای زەرددا ئەنجامدا.

سوپای کۆریای باشوور بە جیا ئاماژەی بەوەدا موشەکی هینمو – 2 بە ماوەیەکی کورت دوای هەڵدانی شکستی هێناوە و لە ماوەی مەشقەکەدا کەوتۆتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان تاقیکردنەوە موشەکییەکەی کۆریای باکووری بە " بێباکانە و مەترسیدار " ناوبرد، هاوکات ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەرخستنی هێزەکانیان زیادکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە لەسەر داوای ئەمەریکا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات. دیبلۆماتکارانیش دەڵێن چین و ڕووسیا بە ئەنجومەنەکەیان وتووە کە دژایەتی کۆبوونەوەیەکی کراوەی 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە دەکەن و دەڵێن کاردانەوەی ئەنجومەنەکە دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا بێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG