Accessibility links

سیئۆل و واشنتن مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانیان دەست پێدەکەنەوە


ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕۆژی دووشەممە مەشقە سەربازییە سنووردارەکانیان دەست پێدەکەنەوە کە لە ماوەی وتوێژەکاندا لەگەڵ کۆریای باکوور ڕاگیرابوون، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پیۆنگیانگ هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی کرد ئەگەر بیتوو فشارە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر لانەبرێن.

بەرنامەی گۆڕانکاری دەریایی یەکێک بوو لەو مەشقانەی کە لە مانگی پێنجدا بۆ ماوەیەکی نادیار دواخرا دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور لە سینگاپوور کۆبوونەوە و سەرۆک ترامپ بەڵێنیدا مەشقە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور ڕابگرێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور جەختی لەوە کردەوە خولێکی دیکەی مەشقەکان لەنزیک شاری بۆهانگی باشوور دوور لە چاوی میدیاکانەوە ئەنجام دەدرێن.

هەروەها دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەدا نزیکەی 500 کەشتیگەلی ئەمەریکا و کۆریای باشوور بەشداری مانۆڕەکان دەکەن.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا کۆریای باکوور هۆشیاریدا لەوەی دەست دەکاتەوە بە پەرە پێدانی بەرنامە ناوەکییەکەی ئەگەر واشنتن دەستبەرداری فشار و سزاکانی سەر پیۆنگیانگ نەبێت.

دەزگای ناوەندی هەواڵی کۆریای باشوور لە زاری کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە " باشبوونی پەیوەندییەکان و مانەوەی سزاکان یەک ناگرنەوە، ئەمەریکا پێی وایە سزاکانی و فشارەکانی کە زۆر باسی لێوە دەکەن دەبێتە هۆی داماڵینی چەکی ناوەکیی، ئێمە ناتوانین خۆمان بگرین لە بەردەم بێ مانایی ئەم بیرۆکەیەدا."

نزیکەی ساڵێک دەبێت کۆریای باکوور هیچ تاقیکردنەوەیەکی موشەکی باڵیستیکی و چەکی ناوەکیی نەکردووە، وتیشی هەندێک لەو شوێنانەی کە تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی تێدا ئەنجام دەدا داخستووە و پلانی هەیە بۆ داخستنی هەندێک دامەزراوەی دیکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG