هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور ڕایگەیاند یەکێک لە سەربازەکانی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەمەش لەکاتێکدایە ڤایرۆسەکە تا دێت لە کۆریای باشوور زیاتر دەبێت.
فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا وتی سەربازێکی تەمەن 23 ساڵ کە لە بنکەی سەربازیی کاڕۆڵ خزمەت دەکات و ئەو شوێنە دەکەوێتە نزیکەی 30 کم باکووری شاری دایگۆوە توشی ڤایرۆسەکە بووە، شاری دایگۆ سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە کۆریای باشوور.
ئەمە یەکەمین حاڵەتی توشبوونە لە نێو ئەو سەربازە ئەمەریکیانەدا کە لە کۆریای باشوور جێگیرن بەمەبەستی بەرگریکردن لەو وڵاتە و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.
سەرچاوە/ فرانس پرێس