Accessibility links

ئەمەریکا 3.5 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی فایزەر دەبەخشێتە نایجیریا


بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای وت ئەمەریکا زیاتر لە 3.5 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی فایزەر ڕەوانەی نایجیریا دەکات، کە زۆرترین دانیشتوانی هەیە لە ئەفریقادا.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی وتی " ئەم کارەی دەیکەین بۆ ئەوە نیە لەبەرامبەردا شتێکمان بوێت، ڤاکسینەکانمان هیچ مەرجێکیان لەگەڵدا نیە و تەنها بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکەیە."

کۆشکی سپی وتی 3,577,860 ڕەوانەی نایجیریا کراون، مانگی حەوتیش بە هەمان شێوە 4 ملیۆن ژەمە ڤاکسینی مۆدێرنا ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراوە، بەخشینەکە لەڕێی پڕۆگرامی کۆڤاکسەوە ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لانی کەم 2,747 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە نایجیریا تۆمارکراوە، هەروەها 208,000 حاڵەتی توشبوونیش هەبووە. بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ئەفریقا نیگەرانی ئەوەیان دەربڕیوە کە ڕەوشی ڕاستەقینەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کیشوەرەکدا بەباشی باسی لێوە نەکراو و هەواڵی لەسەر نەدراوە.

لە کیشوەری ئەفریقا، ئەفریقای باشوور ناوەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت لانی کەم 88,317 حاڵەتی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە، هەروەها زیاتر لە 2.9 ملیۆن حاڵەتی توشبوونیش هەبووە.

وەزارەتی تەندروستی نایجیریا ئاماژەی بەوەداوە وڵاتەکە لەلایەن ڕوسیاشەوە ڤاکسینی وەرگرتووە، هەروەها کەلوپەلی پشکنینی ڤایرۆسەکەی لەلایەن چین و کۆریای باشوورەوە وەرگرتووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG