چەند سیناتۆرێکی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکییان پێشکەش کرد کە تیایدا داوا دەکەن ڕووسیا وەکو دەوڵەتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر دەستنیشان بکرێت، لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا داوای ئەوەی کردووە و بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش ڕەتی دەکاتەوە.
سیناتۆری دیموکراتەکان ڕیچارد بلومێنثاڵ کە یەکێکە لەو سیناتۆرانەی پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە دەکات، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پێویستیی بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنە لە ئێستادا لە هەموو کات زۆرترە." ئاماژەی بە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و سەرکوتکارییە " دڕندانەکانی " دیکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا.
سیناتۆری کۆمارییەکان لیندسی گراهام کە بە هەمان شێوە یەکێکە لەو سیناتۆرانەی کە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساکە دەکات، وتی دەستنیشانکردنەکە ئاماژەیەکی بەهێزی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانیشی دەنێرێت، لە هەمان کاتیشدا سزایەکی ڕەقیش دەسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا، بۆ نموونە ڕێگە دەدات لە دادگاکانی ئەمەریکادا سکاڵا دژی کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا تۆمار بکرێت، هەروەها سزاکانیش توندتر دەکاتەوە.
هێشتا ڕوون نیە کەی یاخود ئایا پڕۆژە یاساکە دەنگدانی لەسەر دەکرێت یان نا. بەڵام دوو سیناتۆرەکە چەند مانگێکە هەوڵ دەدەن پڕۆژەکە پەسەند بکرێت، لە مانگی حەوتدا سەردانی کیێڤییان کرد تاوەکو بەرەو پێشەوەی بەرن.
یاسادانەرانی دیکەی ئەمەریکاش چوونەتە پاڵییان و پشتیوانییان لە بیرۆکەکە کردووە، لە مانگی حەوتدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی وتی دەستنیشانکردنەکە " زۆر دواکەوتووە."
بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت پلانی ئەوەی نیە ڕووسیا وەکو دەوڵەتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر دەستنیشان بکات. بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا دەڵێن پێیان وانیە دەستنیشانکردنەکە کاریگەرترین ڕێگە بێت بۆ بە بەرپرس دانانی ڕووسیا و هەروەها کۆسپیش دەخاتە بەردەم گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئۆکرانیا.
ڕووسیاش دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا ڕووسیا بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە زۆر بە خراپی زیانییان پێدەگات و تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانیش، لە ئێستادا هەریەک لە ئێران و کۆریای باکوور و کوبا و سوریا لەو لیستەدان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سیناتۆرەکانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەک بۆ دەستنیشانکردنی ڕووسیا وەکو دەوڵەتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر پێشکەش دەکەن
