Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەست بەکارەکانی دەکاتەوە


بۆ یەکەمین جار دوای نزیکەی شەش هەفتە لە دابڕان ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە زۆرینەیان کۆمارییەکانن گەڕانەوە بۆ واشنتنی پایتەخت، ئەمەش لەنێوەندی ترسی ئەندامان و کارمەندانی ئەنجومەنەکە لە توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەنجومەنەکە کۆدەبنەوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی ناکۆکییەکانی نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان سەبارەت بە هەنگاوی دواتریان لە پڕۆژە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، هەروەها تاوتوێکردنی دامەزراندنی ئەو کاندیدانەی کە سەرۆک ترامپ دەستنیشانی کردوون بۆ پۆستە حکومییە باڵاکان.

لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا ناکۆکی هەیە سەبارەت بە ناوەڕۆکی هەر پڕۆژە یاسایەکی نوێی تایبەت بە کۆرۆنا. دیموکراتەکان دەیانەوێت پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکرێت تیایدا بڕی 1 تریلیۆن دۆلار تەرخان بکرێت بۆ یارمەتیدانی شار و ویلایەتەکانی ئەمەریکا تاوەکو بتوانن ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە، بەڵام کۆمارییەکان داوا دەکەن پاراستن دابین بکرێت بۆ چالاکیە ئابوورییەکان وەکو مەرجێک بۆ پەسەندکردنی هەر پڕۆژە یاسایەکی دیکە، دیموکراتەکانیش دژایەتی ئەوە دەکەن.

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان تیایدا باڵادەستن وەکو ڕێوشوێنێک بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگرتنی کارەکانی بۆ ماوەیەکی دیکە درێژکردۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG