Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سزاکانی سەر ڕوسیا پەسەند دەکات


یاسادانەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکیان پەسەند کرد سەبارەت بە سەپاندنی سزای نوێ بۆ سەر ڕوسیا و ئێران و کۆریای باکوور و ئێستا پڕۆژە یاساکە دەنێردرێت بۆ سەرۆک ترامپ هەتاوەکو پەسەندی بکات.

ڕۆژی پێنجشەممە سیناتۆرەکان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کرد بەجۆرێک 98 دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد و تەنها دوو دەنگ دژی بوو، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و کۆنگرێس ڕازیبوون لەسەر مەرجەکان.

سیناتۆری کۆماری بۆب کۆرکەر لە بەیاننامەیەکدا ڕێکەوتنەکەی ڕاگەیاند و وتی ڕێکەوتنەکە دوای گفتوگۆیەکی زۆر هاتووە لەگەڵ زۆرینەی ئەنجومەنەکە و سەرکردە کێڤین مککارثی.

ئەنجومەنی نوێنەران پێشتر بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاساکەیان پەسەند کردبوو، 419 دەنگ بەرامبەر بە تەنها 3 دەنگ.

کۆرکەر پێشتر دژی ئەوە بوو کۆریای باکوور بخرێتە ناو ئەم سزایانەوە و دەیویست پڕۆژە یاسایەکی تایبەت و جیا ئامادە بکرێت بۆ کۆریای باکوور، بەڵام دواتر وازی لەوە هێنا و وتی ئەنجومەنی نوێنەران کار لەسەر توندکردنەوە سزاکانی سەر کۆریای باکوور دەکەن.

پڕۆژە یاساکە بەشێوەیەک دانراوە کە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر پیشەسازی ڕوسیا و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە ماوەی ڕابردوودا وتی ئەگەر هاتوو پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت ئەوا وەڵامدانەوەمان دەبێت، بەڵام باسی لەوە نەکرد وەڵامدانەوەکە چۆن دەبێت و چی دەکات.

هەروەها یەکێتی ئەوروپاش نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سزا نوێیەکان و وتی لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر وزەی ئەوروپا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG