لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پشتیوانی لە پڕۆژە یاسایەک کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا بەهۆی هێرشەکانیەوە بۆ سەر باکووری سوریا و کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس 400 ی ڕوسی، ئەمەش لە نوێترین هەنگاوی ئەنجومەنی سیناتدا تاوەکو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ناچار بکەن هەڵوێستی توندتری هەبێت بەرامبەر ئەنقەرە.
لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەر بە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان تیایدا باڵادەستن بە 18 دەنگ بەرامبەر 4 دەنگ لەبەرژەوەندیی پێشنیارکردنی " یاسایەک بۆ توندکردنەوەی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و ڕێگە نەدان بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش " دەنگیاندا.
سیناتۆری کۆمارییەکان جیم ڕیچ کە سەرۆکی لیژنەکەیە وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە ئەنجومەنی سینات یەک بگرێتەوە و ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی تورکیا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز