Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بڕیارێک پەسەند دەکات دەسەڵاتەکانی سەرۆک ترامپ بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ سنووردار دەکات


سیناتۆر تیم کەین
سیناتۆر تیم کەین

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد تیایدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران سنووردار دەکات.

پڕۆژە یاساکە لەلایەن سیناتۆر تیم کەینەوە پێشکەش کرا و تیایدا هاتووە دەڵێت پێویستە سەرۆک ترامپ سەرەتا ڕەزامەندی کۆنگرێسی دەست بکەوێت پێش ئەوەی هیچ کردەوەیەکی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدات.

لە دەنگدانەکەی ئەنجومەنی سیناتدا کە کۆمارییەکان تیایدا باڵا دەستن 8 سیناتۆری کۆماری چوونە پاڵ دیموکراتەکان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە، لە ئەنجامدا بە 55 دەنگ بەرامبەر 45 دەنگ پڕۆژە یاساکە پەسەند کرا.

کەین و ئەوانەی دیکەش کە پشتیوانیان لە پڕۆژە یاساکە کرد وتیان یاساکە پەیوەندی بە سەرۆک ترامپ و سەرۆکایەتیشەوە نیە، تەنها بۆ ئەوەیە دەسەلاتی ڕاگەیاندنی جەنگ بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێس.

کەین ئەوەشی خستەڕوو " سەرۆک ترامپ یاخود هەر سەرۆکێکی دیکە دەبێت لە توانایاندا هەبێت بەرگری لە ئەمەریکا بکەن دژی ئەگەری هەر هێرشێک، بەڵام دەسەڵاتی هەڵگیرساندنی جەنگ دەبێت لەو ئاستەدا بوەستێت، هەڵیرساندنی جەنگ پێویستی بە پێداچوونەوەی کۆنگرێس و دەنگدان هەیە."

مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان تیایدا باڵا دەستن هەفتەی ڕابردوو پڕۆژە یاسایەکی دیکەی هاوشێوەیان پەسەند کرد.

پەسەند کردنی پڕۆژە یاساکە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتەوە بەس نیە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە یاساکە چونکە لە کۆتاییدا پێویستی بەوەیە سەرۆکی ئەمەریکا پەسەندی بکات، لە ئێستادا سەرۆک ترامپ دەتوانێت مافی ڤیتۆ دژ بە پڕۆژە یاساکە بەکاربهێنێت بەڵام بۆ ئەوەی ڤیتۆکەی سەرۆک ترامپ کاریگەری نەبێت، دەبێت سێیەکی هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێس پەسەندی بکەن.

وەکو وەڵامێک بۆ ئەم پڕۆژە یاسایە، لایەنگرانی سەرۆک ترامپ و سەرۆک ترامپ خۆشی دەڵێن پەسەندکردنی ئەم یاسایە پەیامێکی هەڵە دەنێرێت بۆ ئێران و دوژمنانی دیکەش. کەین وتی پێچەوانەی ئەوە ڕاستە.

XS
SM
MD
LG