Accessibility links

ئەنجومەنی سینات تاوتوێی پڕۆژە یاسایەک دەکات تیایدا دەسەڵاتەکانی سەرۆک ترامپ بۆ هەڵگیرسانی جەنگ سنووردار دەکات


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا تاوتوێی پڕۆژە یاسایەکی دەکات تیایدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران سنووردار دەکات، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەنجامدانی دەنگدانێک لە ئەنجومەنەکە کە تا ئێستا هەشت ئەندامی کۆمارییەکان چوونەتە پاڵ دیموکراتەکان بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک ترامپ.

پڕۆژە یاساکە سەرۆک ترامپ ناچار دەکات ئەو هێزانەی ئەمەریکا بکشێنێتەوە کە دژی ئێران جێگیرکراون هەتا ئەو کاتەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگ دەدات یاخود مۆڵەتێکی دیاریکراو دەدات بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی.

ئەو کۆمارییانەی کە دژی پڕۆژە یاساکەن بە سەرۆک ترامپیشەوە دەڵێن پەسەندکردنی پڕۆژەکە پەیامێکی هەڵە دەنێرێت بۆ تاران.

سەرۆک ترامپ لە تویتەر وتی " زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی وڵاتەکە کە ئەنجومەنی سینات پڕۆژە بڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتەکان بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دژی ئێران پەسەند نەکەن. کارێکی زۆر باشمان کردووە لەگەڵ ئێراندا و ئێستا کاتی ئەوە نیە بێهێزی پیشان بدەین."

لە وەڵامی سەرۆک ترامپدا سیناتۆری دیموکراتەکان تیم کەین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " پەیامی هەڵە نانێرین کاتێک پشتیوانی لە فەرمانڕەوایی یاسا دەکەین."

کەین وتی " ئەوە پەیامی بەهێزییە بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانە دەدوێت کە لە سەرتاسەری جیهاندا لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندان دەکەن، چونکە فەرمانڕەوایی یاسایان دەوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG