Accessibility links

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەستدەکات بە تاوتوێکردنی پلانی بایدن بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە


ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەستیکرد بە تاوتوێکردنی پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە، هاوکات کۆمارییەکانی ئەنجومەنەکە داوایانکردووە سەرجەم پەڕەکانی پلانەکە بخوێندرێنەوە و واپێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەهۆی دەنگەکانی دیموکراتەکانەوە پەسەند بکرێت.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هاریس بەپێی دەستووری ئەمەریکا ناچاربوو بڕیاربدات لەسەر دەستپێکردنی تاوتوێکردنی پلانەکە، ئەمەش دوای ئەوەی پەنجا ئەندامەکەی دیموکراتەکان پشتیوانی تاوتوێکردنی پلانەکەیان کرد و کۆمارییەکانیش بە پەنجا دەنگ دژایەتیان کرد.

واپێشبینی دەکرێت خوێندنەوەی نوسراوی پلانەکە نزیکەی 10 کاتژمێر بخایەنێت، دواتر ئەنجومەنی سینات 20 کاتژمێری لەبەردەستدا دەبێت بۆ تاوتوێکردنی نوسراوەکە.

دواتر ئەندامانی ئەنجومەنەکە خولێکی نوێیان پێدەدرێت کە تیایدا دەتوانن پێشنیار بکەن پلانەکە دەستکاری بکرێت و داوا بکەن دەنگدان لەسەر پلانەکە بکرێت.

ڕابەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر وتی " گرنگ نیە کاتی چەند دەوێت، دانیشتنەکانی ئەنجومەنی سینات بەردەوام دەبێت تاوەکو پڕۆژە بڕیارەکە تەواو دەبێت."

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا شەممەی ڕابردوو پلانەکەیان پەسەند کرد، ئەوەش بەهۆی دەنگی دیموکراتەکانەوە کە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنەکەیان بەدەستە.

لە پلانەکەی جۆو بایدندا بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەکە و دەرچوون لەو قەیرانەی پەتای کۆرۆنا دروستیکردووە، 1,9 تریلیۆن تەرخان کراوە، کۆمارییەکانیش پێیان وایە ئەو بڕە پارەیە ئێجگار زۆرە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG